ریشی سوناک کێیە؟ خەزووری چی بۆ کرد و چۆن بوو بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

K24 – هەولێر

ریشی سوناک، نزیکەی حەفت هەفتە لەمەوبەر، هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی پارێزگارانی بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران بە لیز ترەس دۆڕاند و ئێستا بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی خاتوو ترەس، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی حزبەکەی، بوو بە سەرۆکی حزب و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.

ریشی سوناک، لە کاتێکدا وەک 57ـەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستبەکار دەبێت کە لە ماوەی کەمتر لە چوارمانگدا، بۆریس جۆنسۆن و لیز ترەس وازیان لە سەرۆکایەتی حزبی پارێزگاران و سەرۆکایەتی حکومەت هێناوە.

دۆخی ئابووریی بەریتانیا دوای برێکست، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئابڕووچوونی بەردەوامی سیاسەتمەداران، دۆخی سیاسیی ئەو وڵاتەی بە شێوەیەک شڵەقاندووە کە لە مانگەکانی رابردوودا تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی بۆ گرانی و کەمترین ماوەی سەرۆکوەزیرانی، بووەتە رۆژەڤ. ریشی سوناک، لەو دۆخەدا سەرکردایەتی حکومەت بەدەستەوە دەگرێت.

ئەو، یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئاسیایی و گەنجترین سەرۆکوەزیران لە مێژووی بەریتانیادایە.

منداڵی کۆچبەران

ریشی سوناک ساڵی 1980 لە شاری ساوسهمپتنی باشووری بەریتانیا لەدایکبووە. باوکی پزیشکی گشتی و دایکی دەرمانساز بوو. دایک و باوکی ریشی سوناک بە رەچەڵەک هیندین، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ئاسیا لەدایکبوونە و ساڵی 1960 لە کینیا و تانزانیاوە بۆ بەریتانیا کۆچیان کردووە.

ئەو، لە یەک لە ناودارترین قوتابخانەکانی بەریتانیا (وێنچستێر) خوێندی و دواتر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەکالۆریۆسی فەلەسەفە، سیاسەت و ئابووری و لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمەریکا بڕوانامەی ماستەری لە بواری کارگێڕیی کار بەدەستهێنا.

ریشی سوناک لە زانکۆی ستانفۆرد لەگەڵ ئاکشاتا مۆرتیی هاوسەری ئاشنابوو. ئاکشاتا، کچی نارانایا مورتی ملیاردێری هیندییە کە یەک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای ئینفۆسیس، لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیارییە.

سووناک دوای تەواوکردنی زانکۆ، سێ ساڵ لە بانکی گۆڵدمەن ساکس، کاری کرد و دواتر بوو بە یەک لە بەڕێوەبەرانی دوو سندووقی وەبەرهێنان.

دەرکەوتنی ئەستێرەیەک

ریشی سوناک لە رووخسارەکانی نەوەی نوێی پارتی پارێزگارانە کە بە هەوڵەکانی دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا، شێوەی حزبەکەیان گۆڕی و لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی نەتەوەکانی دیکە، ژنان و چینی کرێکار هاتنە ناو ریزی حزبەکەوە.

ئەو بە پێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنانی، لە گشتپرسیی ساڵی 2016 پشتگیری لە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کرد و پێیوابوو وڵاتەکەی لەو رێگەوە دەتوانێ "ئازادتر، دادپەروەرتر و خۆشگوزەرانتر" بێت.

ریشی سۆناک و هاوسەری
ریشی سوناک و هاوسەری

سێ ساڵ دوای چوونی بۆ پەرلەمان، یەکەم پۆستی لە حکومەت وەرگرت. هاوینی ساڵی 2019 و هاوکات لەگەڵ هاتنە سەرکاری بۆریس جۆنسۆن وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک بوو بە بەڕێوەبەری گشتیی وەزیری دارایی.

چەند مانگ دواتر و لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی ساجد جاوید لە پۆستی وەزیری دارایی، سوناک ئەو پۆستەی بەدەستەوە گرت؛ رێک لەو کاتەیدا کە بڕیاربوو حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا، کەرەنتین و رێکاری سەرتاسەی رابگەیەنێت.

کۆرۆنا، بوو بە هۆکاری ئەوەی ریشی سووناک ببێتە یەک لە ناودارترین سیاسەتمەدارانی بەریتانیا. ریشی سوناک هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی رێکارە توندەکان، بەڵێنیدا ئەوەی پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی خەڵك و پیشەکان بیکات.

لە سەردەمی جێبەجێکردنی کەرەنتین، وەزارەتی دارایی لە ژێر چاودێری ریشی سوناک، سەتان ملیار دۆلاری بە شێوەی راستەوخۆ بە خەڵک دا و ئەو کات خۆشەویستیی وەزیری دارایی گەیشتە ترۆپک، بەڵام هیچ خۆشەویستییەک تاسەر نامێنێت.

کوژانەوەی ئەستێرەکە

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 و سەرەتای ساڵی 2022 و هاوکات لەگەڵ هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و گرانبوونی وزە، ژیان لە بەریتانیا "قورس" بوو.

ریشی سوناک لە ئاداری 2022 رێکاری نوێی بۆ یارمەتیدانی خەڵک پەیڕەو کرد، بەڵام زۆربەی خەڵک پێیانوابوو یارمەتییەکە کەمە و لەناکاو خۆشەویستیی وەزیری دارایی رووی لە کزی کرد.

هەر ئەو کات دەرکەوت کە چەندین ساڵە هاوسەری ریشی سوناک، باجی ملیۆنان پاوندی کۆمپانیای باوکی بە بەریتانیا نەداوە.

چەند رۆژ دواتریش پۆلیسی لەندەن، ریشی سوناکی بە هۆی بەشداری لە میواندارییەکی نایاسایی کە لە بارەگای سەرۆکوەزیران بەڕێوەچووبوو، بە تاوانباری ناسی و سزای دا.

'

ماوەیەک دواتر دەرکەوت کە ریشی سوناک تا مانگی تشرینی یەکەمی 2021 گرین کارتی ئەمەریکای هەبووە. خاوەنی ئەو کارتە دەتوانێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بژیت.

هەفتەنامەی ساندەی تایمز، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، سامانی سوناک و هاوسەرەکەی بە 900 ملیۆن دۆلار مەزەندە کرد و بەو پێیە چوونە ناو لیستی 250 دەوڵەمەندی بەریتانیا.

هەر بەو هۆکارانە، وێنەی ریشی سوناک لە وەزیرێکی دەستکراوە و دڵفراوان بە "خۆشگوزەرانێکی بێسوود" گۆڕا کە نایەوێ تەنانەت لە بەریتانیا بمێنێتەوە، هاوسەرەکەی خۆی لە باجدان دەشارێتەوە و خۆیشی باج لە خەڵکی ئاسایی وەردەگرێت.

هەڵەکان

ریشی سوناک دوای ئاشکرابوونی خۆدزینەوەی هاوسەرەکەی کە باجدان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (بی بی سی) خۆی بە ڤیل سمیت، ئەکتەری ناوداری هۆلیوود شوبهاند کە لە رێوڕەسمی خەڵاتی ئۆسکار، چووە سەر ستەیج و زلـلەی لە کریس راک، پێشکەشکاری بەرنامەکە دا.

رووداوێکی سەیری دیکەش ئەوە بوو کە دوای راگەیاندنی کەمبوونەوەی باج لەسەر بەنزین، ریشی سوناک بە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی و هەرزان لە پێش کامێرای رۆژنامەنووسان دەرکەوت و بەنزینی لە ئۆتۆمبێلەکەی دا. دواتر دەرکەوت ریشی سوناک ئۆتۆمبێلەکەی بە قەرز لە کارمەندی چێشتخانەیەک وەرگرتووە و پارەی بەنزینەکەشی نەداوە.