سه‌رۆكی یه‌كێتی پزیشكانی توركیا ده‌ستگیركرا

شه‌بنه‌م كۆرور، سه‌رۆكی یه‌كێتی پزیشكانی توركیا
شه‌بنه‌م كۆرور، سه‌رۆكی یه‌كێتی پزیشكانی توركیا

K24 - هه‌ولێر:

شه‌بنه‌ كۆرور، سه‌رۆكی یه‌كێتی پزیشكانی توركیا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ستگیركرا.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (26ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ ئیستانبوڵ رایگه‌یاند، شه‌بنه‌ كۆرور، سه‌رۆكی یه‌كێتی پزیشكانی توركیا له‌ شاری ئیستانبوڵ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا رایگه‌یاندبوو، سوپای توركیا چه‌كی كیمیایی دژی په‌كه‌كه‌ بـــه‌كــارهێناوه‌ ده‌ستگیركرا.

 ده‌ستیگركردنی سه‌رۆكی یه‌كێتی پزیشكانی توركیا له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی شه‌ممه‌ (22ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری تورکیا لە شاری ئەیدرنە لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووەوە و لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن سوپای تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، رایگه‌یاند: ئەو کەسانەی دەڵێن سوپای تورکیا لە شەڕی دژی پەکەکە چەکی کیمیایی بەکار‌هێناوە دەدرێنە دادگا.

زیاتر گوتی: کەسانێک کە تەنها هەوڵیان بۆ نانەوەی فیتنەیە، ناوبەناو هەندێک بوختان بڵاودەکەنەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە رێی درۆکانیانەوە مێشکی خەڵک سەرقاڵ بکەن و ورەی سەربازەکانیشمان بڕوخێنن، لە دەفتەری هێزە سەربازییەکانی تورکیادا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە، ئێمە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرین و لەوەش گرنگتر بەهای باوەڕ و مرۆڤایەتیمیان هەیە و لە کولتووری ئێمەدا ئەشکەنجە و ئازاردان نییە.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (20ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشووی (هه‌ده‌په‌) له‌باره‌ی ده‌نگۆی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن توركیاوه‌ دژی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ هاته‌ ده‌نگ و رایگه‌یاند، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی مرۆڤ، تاوانە و پێویستە لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بکرێت.

دەمیرتاش دووپاتیکرده‌وە، "لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە و بە هەر بیانوویەک بێت، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانە، بەرپرسانی ئەو تاوانە دیارە هیچ سنوورێک لە شەڕدا ناناسن و ئەمەش تەنیا لە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە دایە، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە دادگایەکی سەربەخۆدا، دادگایی بکرێن".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ (22ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگه‌یاند، سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، چەکی کیمیایی دژی پەکەکە بەکارهێناوە.

هەدەپە، لە بەیاننامەیەکدا  روو لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی كرد و رایگەیاند: بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانی شەڕە و پێویستە لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکرێت.