لە سلێمانی 30 پڕۆژە لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەتدان

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری پڕۆژەکان نییە
سلێمانی
سلێمانی

K24 - سلێمانی

لە سلێمانى 30 پڕۆژە رێکارەکانیان کۆتاىی هاتووە و بۆ دەستبەكاربوون چاوەڕوانی مۆڵەت وەرگرتنن، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانى سلێمانی ئاشكرای دەكات، نزیکەى 20 پڕۆژەیان نوێن،  ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیش دوور و نزیک ئاگادارى جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نییە.

لە سلێمانى کێشەى تەواونەكردنی پڕۆژەكان و نەبوونى پڕۆژەى نوێ ھەیە، هەر بۆیە مانگی رابردوو جێگرى سەرۆکى حکومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیاریدا كە دەبێت كاری 55 پڕۆژە تەواو بکرێن، ئێستا 30 پڕۆژە رێکارەکانیان تەواو بووەو مۆڵەت پێدانیان ماوە، كە لەلایەن ئەنجومەنى باڵاى وەبەرهێنان دەدرێت.

عەزیز سەعید بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى  بە کوردستان24ی گوت: "ئەو پڕۆژانەی رێکارەکانیان تەواو کراوە لە هەموو جۆرەکانى تێدایە، هەندێک پڕۆژە هەبوو دواکەوتبوو بەهۆى رۆتینەوە هەندێک پڕۆژە دیکە کێشەى یاساییان هەبوو، کۆمەڵێک کێشە هەبوو لە پڕۆژەکان لە رووى یاساییەوە لە رووى جۆرى بەکارهێنانى زەوییەوە یان سایت پلانەکانیان پەسەند نەکرابوو، رۆتینێکى زۆر هەبوو کە ئەم پڕۆژانە دواکەوتبوون، بۆیە بڕیاردراوە کارێکى بەپەلەى تێدا بکرێت".

هەر پڕۆژەیەک لە سلێمانى بکرێت، بەپێى یاساى ژمارە 3ى ساڵى 2009، پێویستە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى زانیارى تەواوەتى لەسەری هەبێت، بەڵام ئەمجارە ئەنجومەنەكە رایدەگەیەنێت، بۆ ئەو پڕۆژانە پرسیان پێنەکراوە و ئاگادارى چۆنیەتى جێبەجێ کردنیىشی نیین.

رەمەزان نامیق سەرۆکى لیژنەى پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دەڵێت: "لە ساڵى رابردوو بە نووسراوى فەرمى داوامان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى کردووە، ئەو پڕۆژانەى کە لە سەرەتادان بۆ پێدانى مۆڵەت بە پڕۆژەى وەبەرهێنان دەکرێت ئێمەش پێش وەخت لێى ئاگاداربکرێینەوە، یان ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئاگاداربێت، بەڵام بەداخەوە بە پاساوى ئەوەى کە ئەمە رۆتینات زیاد دەکات ئەمە پەیوەندى بە ئەوانەوە نییە بەو شێوەیە وەڵامیان داوینەتەوە کە ناتوانن نووسراو ئاڕاستەى ئێمە بکەن".