موسەننا ئەمین: زۆرینەی لایەنەکان ئامادەن لەگەڵ سوودانی حکومەت پێکبێنن

K24 – هەولێر

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە زۆرینەی زۆری لایەنە سیاسییەکان خواستی پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی هەیە و ئەمەش کاریگەری ململانێیەکان لەسەر پۆستە وەزارییەکانی، کەمکردووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، رۆژی 27ـی تشرینی یەکەم بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کۆببێەوە، بەڵام موسەننا ئەمین ئاشکرایکرد: تا ئێستا بە فەرمی داوایەکی لەو شێوەیەمان بەدەست نەگەیشتووە".

ئەو، بۆ کوردستان24 دەڵێ: محەمەد سوودانی ئەگەر نیوە + یەکی وەزارەت و بەرنامەی حکوومەتەکەی ئامادە بێت، دەتوانێ بێتە پەرلەمان و داواکەی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەش قبووڵ دەکرێت.

پێش لە چوونی کاندیدانی وەزارەتەکانی کابینەکەی سوودانی، پێویستە سیڤی کاندیدەکان بە دەست پەرلەمانتاران بگات، بەڵام بە پێی قسەکانی موسەننا ئەمین ئەو کارە تا ئێستا نەکراوە. ئەو دەڵێ: پێویستە پەرلەمانتاران چەند رۆژێکیان دەرفەت لەبەردەستدا بێت بۆ خوێندنەوەی سیڤی کاندیدەکان، ناکرێ بە یەک رۆژ ئەم کارە بکرێت، ئەمە تەندروست نییە.

موسەننا ئەمین، پێیوایە هەموو کاندیدەکان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگیان پێنادرێت و "رەنگە کێشە لەسەر هەندێ پۆستی وەزاری هەر بەردەوام بێت".

ئەو پەلەمانتارەی یەکگرتووە، لەگەڵ ئاماژەدان بە "پێگەی سەرەکیی" کورد لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، نایشارێتەوە کە "ئێستاش پێگەی کورد وەکوو شەرێکی سیاسی لە عێراقدا، لاوازە".