محەمەد عەلی حەکیم: پارتی و یەکێتی به‌هێزه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی نوێ به‌شدار ده‌بن

محەمەد عەلی حەکیم وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق
محەمەد عەلی حەکیم وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق

K24 - واشنتن

محەمەد عەلی حەکیم وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پارتی و یەکێتی دوو پارتی بەهێزن و لە پەرلەمانی عێراقیش نوێنەرایەتییەکی بەهێزیان هەیە، لە حکومەتی داهاتووی عێراقیش بەهێزەوە بەشدار دەبن.

محەمەد عەلی حەکیم وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "پێموابێت هەردوو پارت لە هەرێمی کوردستان بەهێزەوە بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن، چونکە لە پەرلەمانی عێراقیش زۆر بەهێزن، کەسی بەتواناشیان هەیە و کەسی لێهاتووش بۆ پۆستەکان دەستنیشان دەکەن".

گوتیشی: "سەدرییەکان کە هەڵبژاردنەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بەشداریان لە حکومەت زۆر گرنگ دەبێت، پێموایە دەبێت محەممەد شیاع سوودانی پەلە بکات لەوەی لە حکومەتدا بەشدارییان پێبکات، چونکە بەشێکی گرنگی سیستمی سیاسی عێراقن، دواجار دەبێت چاوەرێ بین و بزانین حکومەتەکە چۆن دەبێت، بەڵام باوەڕم وایە سوودانی کەسی بەهێز بۆ وەزارەتەکان دەستنیشان دەکات".

ئاماژەی بەوەشدا: "مامەڵەی حکومەت لەگەڵ دراوسێکانمان بەگوێرەی دەستوور نابێت عێراق ببێتە هەڕەشە بۆسەر هیچ وڵاتێک، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دراوسێکانمان بەرپرسیار بزانین لە رامبەر هەر شتێک کە لە عێراقدا دەیکەین".