مەسرور بارزانی پاڵاوگەی لاناز بەگەڕدەخات و داوایەك ئاراستەی حکومەتی داهاتووی عێراق دەکات

مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز گوتارێکی پێشکەشکرد
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز گوتارێکی پێشکەشکرد

K24 – هەولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی نەوتی لاناز، پاڵاوگەکەی بە زۆرپێشکەوتوو و لەسەر بنەمای ستاندەری جیهانی ناوهێنا و دەستخۆشی لە کۆمپانیای لاناز و وەبەرهێنەرانی کرد.  

ئەمڕۆ (چوارشەممە 26ـی تشرینی یەکەم) بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ناوخۆیی و دیپلۆماتی چەند وڵاتێکی بیانی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پاڵاوگەی نەوتی لانازی بەگەڕخست.

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، جگە لەوەی هاووڵاتیان لە بەرهەمەکانی ئەو پاڵاوگەیە سوودمەند دەبن، پاڵاوگەکە بووەتە شوێنێک بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار و ئەمەش یەکێکە لەو بەرنامانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتگیری لێدەکات.

پاڵاوگەی لاناز لەسەر رووبەری نزیکەی 620 دۆنم زەوی دروستکراوە و دەکەوێتە سەر رێگەی گوێر لە رۆژئاوای شاری هەولێری پایتەخت.

مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا، ئاماژەی بە دوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان لە رووی سامانی سروشتییەوە کرد و گوتی: رژێمەکانی پێشوو تەنها بۆ خۆپڕچەککردن و چەوساندنەوەی خەڵک و خاپوورکردن، سوودیان لەو سامانە وەردەگرت، بۆیە ئێمە تا پێش راپەڕین نەمانتوانی سوود لەو نیعمەتە خواییە ببینین.

سەرۆکوەزیران گوتی: دواتر دەستوور نووسرا و چاوەڕێ بووین دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستوور وەک خۆی جێبەجێبکەن، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکرا و دەستوور لە بەرژەوەندی هەندێ کەس جێبەجێکرا و خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لێی سوودمەند نەبوون.

لە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە سامانەکانی عێراق کرد و گوتی "لە عێراق سامانێکی باش هەیە، بەڵام ئیدارەدانێکی خراپ هەبووە" مەسرور بارزانی، هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەوەی "پێشێلکردنی دەستوور یەکێک لە هەڵەکان بووە کە تا ئێستاش بەردەوامە، گوتی: هیوادارین دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراق، یاسایەک بۆ نەوت و غاز ئامادەبکەین و لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسه‌ندبکرێت و لە خزمەتی خەڵکدا بێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی پاڵاوگەی نەوتی لاناز و رەچاوکردنی دۆخی ژینگە، گوتی: پێویستە لە هەموو پرۆژەکاندا رەچاوی ژینگەپارێزی بکرێت.

پاڵاوگەی لاناز بە شێوەیەك دیزاینکراوە، پاشماوەی نەوتی رەشی پاڵاوگەکانی دیکە وەربگرێت و لەو پاشماوەیە قیر بەرهەم دەهێنێت کە ئێستا بەرهەمی قیری لاناز، جگە لە ناوخۆی هەرێی کوردستان، هەناردەی ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو دەکرێت.

ساڵی 2017 پاڵاوگەکە چوار یەکەی بۆ پاڵاوتنی نەوتی خامی بۆ زیادکرا، بەڵام لە ساڵی 2019 قۆناغێکی گرنگ دەستیپێکرد، ئەویش واژۆکردنی گرێبەست بوو لەگەڵ هه‌ردوو کۆمپانیای (UOp و Honeywel)ـی بەناوبانگی ئەمەریکی .

لە دوای ئەم گرێبەستەوە کوالێتی بەنزینی پاڵاوگەی لاناز چووە ئاستی ستانداردی جیهانییەوە، کە بە هایدرۆجینکردنی نەفتا بەنزین بەرهەمدەهێنێت.

ئێستا رۆژانە توانای پاڵاوتنی 75 هەزار بەرمیل نەوتی خامی هەیە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی یەك ملیۆن و 700 هەزار لیتر بەنزینی هەیە، لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی پێنج هەزار تۆن قیر و چەندین جۆر بەرهەمی دیکە.

پاڵاوگەی لاناز خاوەنی 64 کۆگای سوتەمەنییە بە قەبارەی جیاواز، کە هەمویان پێکەوە توانای کۆگاکردنی 350 هەزار مەتر سێجای بەرهەمەکانیان هەیە.

ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ له‌ كاتژمێرێكدا ده‌توانێت ئه‌م كارانه‌ بكات:

-توانای بارکردن و ناردنی 50 تۆن غازی شلی هەیە.

-330 مەترسێجا به‌نزین.

-270 مەتر سێجا گازوایل.

-240 مەتر سێجا نەوتی رەش. 

- 250 تۆن قیر. 

پاڵاوگەی لاناز پێویستی بە نزیکەی 37 مێگاوات کارەبا هەیە بۆ کارپێکردنی، بەڵام بەهۆی دروستکردنی پاوەرپلانتێکی گەورە خۆی کارەبای خۆی دابیندەکات، جگە لەوە هیچ بارگرانییەک ناخاتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی، بەرهەمەکەشی بۆ بەکارخستنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی لێوەردەگیرێت.

پاڵاوگەی لاناز، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ نزیکەی 10 هەزار کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ره‌خساندووه‌.