ئەنجوومەنی وەزیران دیدگا و ستراتیژی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی پەسەندکرد

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئۆکتۆبەر( تشرینی یەکەم)، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی دیدگا و ستراتیژی ئەنجوومەنی راژەی گشتی، سەبارەت بە رێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی کە لەلایەن سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی خرایەڕوو.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی کرد، کە دامەزراوەیەکی زۆر پێویستە بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی و یەکێکیشە لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاکسازی ئیداری، رێکخستنەوەی میلاکی گشتی فەرمانبەران، سەرمووچە، پلەبەرزکردنەوە و پێداچوونەوە بە پەیکەری پێکهاتەی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان، بە میکانیزمێکی زانستی و گونجاوتر و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی حکومەت لە‌ پرسی رێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی ریفۆرمی ئیداری و رێکخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاریکردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکومەت، پشتبەست بە میلاكاتی ئە‌لیكترۆنی، کە بڕیارە بە ئامانجی بەئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەی فەرمانبەران و شەفافکردن و نەهێشتنی ناڕێکییە کارگێڕییەکان دروستبکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، دیدگا و ستراتیژی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی پەسەندکرد، هەر لەم روانگەیەشەوە ، ئەنجوومەنی راژەی گشتی راسپێردرا، بە تاووتوێکردنی بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێم، لەبەر رۆشنایی دیدگا و ستراتيژی پەسەندکراوی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی.

لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە پێناو رێگەگرتن لە بەهەدەردانی موڵکی گشتیی، پێشنیارێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو، سەبارەت بە هەموارکردنی شێوازی بەکرێدانی ناوچە پیشەسازییەکان، کە موڵکی گشتین. بە مەرجێک رەچاوی ئاسانکاریی پێویست بکرێت، بۆ برەودان بە پڕۆژە و چالاکیيە پیسەشازییەکان و رێگەنەدرێت بە کەسانێک کە خاوەنی هیچ پیشە و چالاکیەکی پیشەسازیی نین، بە شێوەیەکی ناڕەوا، سوود لە زەوی پڕۆژەکان وەربگرن و زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنن.

دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و راسپاردە ، ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیارەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشنیار و تێبینیانەی خرانەڕوو، پەسەندکرد.

پاشان ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، راپۆرتێکی تایبەت بە رەوشی پێکهاتەی نەتەوەیی تورکمان و کلدانی سریانی ئاسووری و ئەرمەن و پێشنیاریان بۆ جێگیرکردنی رۆژێک وەک بۆنەیەکی فەرمی لە رۆژمێری فەرمیی هەرێمی کوردستان بەناوی ( ڕۆژی بەیەکەوەژیان) پشتبەست بە یاسای مافی پێکهاتەکان ژمارە 5ی ساڵی 2015 پێشکەشکرد.

سەرۆک وەزیران، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان کردەوە، کە بووەتە سیمایەکی گەش و مایەی شانازی هەمووان و دووپاتیکردەوە کە هەرچی پێویست بێت بۆ برەودان بە کولتووری پێکهاتە جیاوازەکان دەیکەین، لە پێناو زیاتر لەیەک نزیککردنەوەی پێکهاتەکان و دەوڵەمەندکردنی کولتووری هەمەڕەنگی کوردستان و خزمەتکردنی گشت هاونیشتمانییانی کوردستان بە بێ جیاوازی.

دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت ودامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بۆ بەدواداچوونی پێشنیارەکانی هاتوو لە ڕاپۆرتی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە پێناو برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە کوردستان، کە نیشتمانی هاوبەشی گشت پێکهاتە نەتەوەیی وئایینیەکانە بە بێ جیاوازیی ، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

لە بڕگەی چوارەم و کۆتاییدا، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کەمال موسلیم ، راپۆرتێکی دەربارەی کێشەکانی تایبەت بە بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان وکۆگاکان و گواستنەوەی ئەو بەشەخۆراکە و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی فیدراڵی بۆ مسۆگەرکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان پێشکەشکرد، بە ئامانجی چارەسەکردنی ئاستەنگ و کێشەکانی تایبەت بەم بابەتە و چارەسەرکردنی دواکەوتنی گەیشتنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانی هەرێم.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیكردن لە وەزیری بازرگانی وپیشەسازیی، بۆ سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵیی و دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەم بارەیەوە، بە رەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم. لەهەمانکاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (بازرگانیی، پیشەسازیی، کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، پلاندانان، دارایی و ئابووری) راسپارد کە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیە، کاربکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشیی خۆراک لە هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەشدا، پێشنیارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبکەن.

87
76
87
76