رووسیا مەشقەکانی بەرپەرچدانەوەی چەکی ئەتۆمی دەستپێکرد

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەکاتی  بەڕێوەچوونی مەشقە سەربازییەکانی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی وڵاتەکەی
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەکاتی بەڕێوەچوونی مەشقە سەربازییەکانی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی وڵاتەکەی

K24 - هەولێر:

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی مەشقە سەربازییەکانی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی وڵاتەکەی کرد، کە هەڵدانی چەند موشەکێکی بالیستی و موشەکی کروزی لەخۆدەگرت. 

سێرگێی شۆیگو، وەزیری بەرگری رووسیا لەو بارەیەوە بە سەرۆک و فەرماندەی گشتی هێزەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، مەشقەکان بەمەبەستی تاقیکردنەوەی روودانی هێرشێکی فراوانی ئەتۆمی ئەنجام دەدرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، مەشقەکانی بەرپەرچدانەوەی هێرشی فراوانی  ئەتۆمی هێزێکی رکابەر لەخۆدەگرێت، بەپێی پلانەکانی ئامادەکاری هێزەکانی رووسیای فیدڕاڵ بەڕێوەدەچێت.

لە بەرانبەردا حکومەتی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، رووسیا بە واشنتنی راگەیاندووە بەنیازە توانا ئەتۆمییەکانی تاقیبکاتەوە، بەمەش مۆسکۆ رێککەوتنی کۆنترۆڵکردنی چەك لە نێوان ئەو دوو وڵاتە پەیڕەو دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، سکرتێری گشتیی ناتۆ پێیوایە رووسیا ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی بۆمبی تیشکدەر دەکات.

یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، هۆکاری ئەوەی رووسیا ئێستا ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی بەنیازە بۆمبی تیشکدەر بەکاربهێنێت، ئەوەیە کە خۆی پلانی بۆ بەکارهێنانی ئەمجۆرە بۆمبە هەیە.

ستۆلتنبێرگ هەروەها دووپاتیکردەوە هەڕەشەکانی سەرۆکی رووسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی نابەرپرسیارانە و مەترسیدارن.