رێباز حەملان وادەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرادەکات

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە.

رێباز حەملان بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئێستا لە رێکخستنەوەی وەرگرتنی داهاتی نەوت و ئەو پارانەیە کە لە داهاتی ناوخۆ دەستی دەکەوێت، بە دڵنیاییەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەن و لە مانگی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

سەبارەت بە نرخی نەوتی سپی، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو نەوت بە پاڵاوگەکان دەدات، گوتیشی "عێراق بە هەر نرخێك نەوت بۆ کوردستان بنێرێت، بەهەمان نرخ بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت".

رێباز حەملان ئەوەی خستەڕوو، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەمتر لە 40 دۆلار نەوت دەدات بە پاڵاوگەکان، بەمەبەستی بەرزنەکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لەسەر هاووڵاتیان، ئەمە لە کاتێکدا نرخی نەوت لە دەوربەری 100 دۆلاردایە.

لەبارەی زیاکردنی باج لەسەر هاووڵاتیان، رێباز حەملان جەختیکردەوە لەوەی، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان باج لەسەر هاووڵاتییان زیادنەکراوە، بەڵکو تەنیا شێوازی کۆکردنەوە و رێكخستنەوەی باج کراوە.

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: بڕێکی زۆر لەو خەرجیانەی کە پێشتر بەفیڕۆچووبوون، ئێستا گەڕاونەتەوە خەزێنەی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەو بڕەی ئێستاش دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئابووری، زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە، جگە لەمانە لە داهاتی نەوت قەرز دەدرێتەوە و پاڵپشتی پرۆژەکان دەکرێت.