کۆشکی سپی: هەوڵی دانووستانی نوێ لەگەڵ ئێران نادەین

کۆشکی سپی
کۆشکی سپی

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل تاووتوێی پەرەسەندنی شەڕی ئۆکرانیایان کرد کە لەرێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە رووسیا هێرشەکانی چڕترکردووەتەوە.

ئیسحاق هێرزۆگ لەدوای گفتوگۆکانی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەشێوەیەکی سەرەکی باسیان لە (پرۆگرامی ئەتۆمی، خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران و فرۆشتنی درۆنـی ئێرانی) بە رووسیا کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند، "هەوڵی دانووستانی نوێ لەگەڵ ئێران نادەین و بایدن دڵنیایی بە ئیسرائیل داوە ئێران نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی".

سەبارەت بە ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ رووسیا لەلایەن ئێرانەوە، کۆشکی سپی جەختی لەوەکردەوە، "ئێران پێویستە واز لە ناردنی چەك بۆ رووسیا بهێنێت".

کۆشکی سپی لەبارەی خۆپیشاندان و رووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، لێپێچینەوە لەگەڵ سەرکوتکارانی خۆپیشاندەرانی ئێراندا دەکەین.