بەڕێوەبەری کارەبای دەربەندیخان دەستبەسەرکرا

وێستگەیەکی کارەبای دەربەندیخان - ئەرشیف
وێستگەیەکی کارەبای دەربەندیخان - ئەرشیف

K24 - سلێمانی

لەسەر دیارنەمانی چەند ستوونێکی کارەبا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان دەستبەسەر دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/10/2022، سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان 24ی راگەیاند، چەند رۆژێکە بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 316 لە یاسای سزادانی عێراقی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەڕێوەبەرە لەسەر دیارنەمانی چەند ستوونێکی کارەبا سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، ئەو ستوونانەش پێشتر لەلایەن رێکخراوێکەوە دراونەتە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای دەربەندیخان.

هاوکات سلێمان محەممەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە کوردستان 24ی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری دەستگیرکردنی سمکۆ حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای قەزایەکەیانن و دۆسییەکەی لای پۆلیسە.

بەپێی زانیارییەکان، سمکۆ حوسێن رۆژی 25ی ئەم مانگە دەستبەسەرکراوە و بە بڕیار دادوەر بۆ ماوەی 15 رۆژ راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی ماددەی 316ی یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەرێکی حکومی یان هەر کەسێک کە بۆ خزمەتێکی گشتی راسپێردراوە، ئەگەر پێگەی خۆی بقۆزێتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر پارە یان کەلوپەلێكدا بگرێت، كە خاوەندارێتی بۆ كەسێكی دیکە یان دەوڵەت، یان دامەزراوەكان دەگەڕێتەوە، ئەوە بە زیندانیكردن سزادەدرێت.