ناپۆلی له‌ باره‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاری كۆتایی دا

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی یاریزانان، ناوی كریستیانۆ رۆناڵدۆ به‌ یانه‌كانی چێڵسی و ناپۆلی به‌سترابووه‌وه‌، به‌ڵام یانه‌ ئیتاڵیاییه‌كه‌ له‌ باره‌ی ده‌نگۆی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌كه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان بۆ میدیایه‌كان دا.

گیۆنتۆلی بەرێوەبەری وەرزشی یانەی ناپۆلی ئیتاڵیا له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ دەنگۆی گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانه‌كه‌ی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك رەتدەکاتەوە.

گیۆنتۆلی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ پلانێكیان نییه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ و بۆ وه‌رزی داهاتووش بیر له‌ گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی مانچێسته‌ر یونایتد بكه‌نه‌وه‌.

بەرێوەبەرەکەی ناپۆلی ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکرێن ئەوان ئامادەن دەستبەرداری ڤیکتۆر ئۆسمین هێرشبەری یانەکەیان بن و له‌ به‌رامبه‌ردا كریستیانۆ رۆناڵدۆ بگوازنه‌وه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ هاوینی 2021، گه‌ڕایه‌وه‌ مانچێسته‌ر یونایتد، ئه‌م وه‌رزه به‌شداریی له‌ كه‌مترین یاریی كردووه‌‌ و به‌ دۆخێكی خراپ تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌جۆرێك له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌ كۆی 12 یاری، 2 گۆڵ و 1 ئاسیستی كردووه‌ و پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ئۆفه‌رێكی له‌ لایه‌ن یانه‌یه‌كی به‌شداربووی چامپیۆنزلیگ پێبگات له‌ یانه‌كه‌ی بڕوات.