ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكانی فڕۆكەخانەی ئەتاتورك بوو بە 36 كەس

بینالی یەڵدرم: ئاماژەکان دەریدەخەن کە رێکخراوی داعش لە پشت ئەم تەقینەوانەیە

K24 - ھەولێر

سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاشكرای كرد، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی فڕۆكەخانەی ئەتاتوركی ئیستانبوڵ، گەیشتە ٣٦ کەس و سێ تەقینەوەی خۆكوژی لە فڕۆكەخانەكە روویانداوە.

بینالی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رایگەیاند: "ژمارەی ئەو کەسانەی لە تەقینەوەکانی شەوی رابردووی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک گیانییان لەدەستدا، گەیشتە ٣٦ کوژراو دەیان بریندا"، بەبێ ئەوەی ژمارەی بریندارەکان بخاتەڕوو، بەڵام میدیاكانی توركیا لە زاری وەزیری دادی توركیا بڵاویان كردووەتەوە 147 كەس برینداربوونە.

بەرپرسێكی حكوومەتی توركیاش بە ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشێتدپرێسی راگەیاندووە، ژمارەی كوژراوان لەوە زیاترە و بە پێی زانیارییەكان ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 50 كەس.

یەڵدرم، گوتیشی: "هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کە رێکخراوی داعش لە پشت ئەم تەقینەوانەیە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە بەیاننامەیەكدا داوای لە وڵاتانی جیھان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاواكرد، ئەم تەقینەوەیە ببێتە سەرەتاییەكی نوێ بۆ خەباتێكی ھاوبەش دژی تیرۆر.