ئێرڤن هیکس: پاڵاوگەی لاناز باشترین نموونەی هاوبەشیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە

"ئەم هاوبەشییە ھاوکاری پەرەسەندنی ھەرێمی کوردستان دەکات"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێرڤن هێکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێرڤن هێکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر

K24 - هەولێر:

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، شەرەفمەندبووم لەگەڵ مەسرور بارزانی و کۆمپانیای ئەمەریکی هەنیوێڵ، یەکەیەکی نوێی بەنزینی پاڵاوگەی لاناز بکەینەوە، ئەوە باشترین نموونەیە کە چۆن ھاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستان، ھاوکاری پەرەسەندنی ھەرێمی کوردستان دەکات.

ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە تویتێکدا دەڵێت: شەرەفمەندبووم لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و کۆمپانیای ئەمەریکی " Honeywell UOP" یەکەیەکی نوێی بەنزینی پاڵاوگەی لاناز بکەینەوە.

سەبارەت بە یەکەی نوێی بەنزینی پاڵاوگەی لاناز، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، پاڵاوگەکە دەتوانێت 1.7 ملیۆن لیتر بەنزینی کوالێتی بەرز لە رۆژێکدا بەرھەمدەھێنێت و سەدان ھەلی کاریش دەرەخسێنێت.

کونسوڵی گشتییی ئەمەریکا لە هەولێر پاڵاوگەی لاناز وەك نموونەیەکی کاری هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە و نووسیویەتی: ئەوە باشترین نموونەیە کە چۆن ھاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری تەکنەلۆجی و ھاوکاری پەرەسەندنی ھەرێمی کوردستان دەکات.

دوێنێ چوارشەممە (27ـی تشرینی یەکەمی 2022)، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ناوخۆیی و دیپلۆماتی چەند وڵاتێکی بیانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پاڵاوگەی نەوتی لانازی بەگەڕخست.

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، جگە لەوەی هاووڵاتیان لە بەرهەمەکانی ئەو پاڵاوگەیە سوودمەند دەبن، پاڵاوگەکە بووەتە شوێنێک بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار و ئەمەش یەکێکە لەو بەرنامانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتگیری لێدەکات.

پاڵاوگەی لاناز لەسەر رووبەری نزیکەی 620 دۆنم زەوی دروستکراوە و دەکەوێتە سەر رێگەی گوێر لە رۆژئاوای شاری هەولێری پایتەخت.