کریملن نهێنی کشانەوەی کیێڤ لە دانوستانی ئاشتی ئاشکرادەکات

مۆسکۆ
مۆسکۆ

K24 - هەولێر:

کۆشکی کریملن لە مۆسکۆ کیێڤی بەوە تۆمەتبارکرد، کە بە "فەرمانی واشنتن" لە دانوستانی ئاشتی کشاوەتەوە.

دیمیتری بیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، "لە راستیدا سیناریۆی دانوستان ئامادەکرابوو، بەڵام لەپڕێکدا، لایەنی ئۆکرانی دوورکەوتەوە و گوتی چیتر نایەوێت درێژە بە دانووستانەکان بدات".

بیسکۆڤ ئاماژەی بەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا پێیوایە "ئەم جۆرە دوورکەوتنەوەیە لە رێكکەوتنەکان کە پێشتر ئەنجامدراون، بەتەواوی روونە کە بە فەرمانی واشنتن بووە".

سەبارەت بە دانوستانی ئەو دوو وڵاتە، عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ، سەرۆکی کۆمەڵگەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا (ئیکۆوا) رۆژی چوارشەممە (26ـی تشرینی یەکەم) لە کیێڤ پشتڕاستی کردەوە کە رۆژێک پێشتر لەگەڵ پوتن کۆبووەتەوە و "سەرۆکی رووسیا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەربڕیووە".

رۆژی چوارشەممە، زێلێنسکی رەتیکردەوە هیچ ئەگەرێکی دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ هەبێت تا ئەو کاتەی سوپای رووسیا ژێرخانی ئۆکرانیا بۆردوومان بکات، روونیشیکردەوە: "با لانیکەم دەست بکەین بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر دەریای رەش".

لەلایەکی دیکەوە کیێڤ مۆسکۆ بەوە تۆمەتباردەکات، کە بە ئەنقەست دەرچوونی 170 کەشتی دواخستووە، کە دانەوێڵەی ئۆکرانیایان هەڵگرتووە و بڕیارە بەرەو وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا بەڕێبکەون".