مستەفا کازمی: ئابووری عێراق پێویستی بە عەقڵێکی ژیرانە هەیە

"پێشتر ئابووری عێراق لە لێواری رووخاندا بوو"
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر:

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی عێڕاق خواست و داوای لە خەڵکی عێراق کرد پشتیوانی حکومەتی نوێ بکەن.

پاش ئەوەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی متمانەی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، مستەفا کازمی لەمیانی گوتارێکیدا رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیانی عێراق دەکەم پشتیوانی لە حکومەتی نوێ بکەن بۆ بەرگریکردن لە دیموکراتیەت و رووبەڕووی  ئەو لایەنانە ببنەوە کە دەیانەوێت بەرژەوندی گەلی عێراق بخەنە ژێر مەترسییەوە.

مستەفا کازمی لەبارەی پەرەسەندنی ئابووری عێراقەوە گوتی: عێراق لە ساڵی 2022 لەوپەڕی گەشەسەندندایە، بە گوێرەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، عێراق توانیوویەتی ئابووریەکەی 3% بەرەو پێش ببات، یەدەگی نەوت لە عێراق پێش دوو ساڵ لە دابەزیندا بوو، بەڵام ئەمڕۆ یەدەگی نەوتی عێراق 35 ملیار دۆلار زیادیکردووە، هەروەها یەدەگی ئاڵتونیش گەیشتووەتە زیاتر لە 96 تۆن.

بە گوتەی مستەفا کازمی، پێشتر ئابووری عێراق لە لێواری رووخاندا بوو، بەڵام ئەمڕۆ پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و گەنجینەی دەوڵەت ئاوەدانە.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق جەختی لەوەکردەوە، ئابووری عێراق پێویستی بە عەقڵێکی زۆر ژیرانە هەیە، بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵات، گوتیشی "هیوادارین سوود لەو داهاتە وەربگرین بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی رۆڵەکانمان".