هەزاران کەس لە بەریتانیا توانای کڕینی سابوون و شامپۆیان نییە

"خەڵکی بەدەست خەرجی دیکەوە دەناڵێنن و توانای کڕینی سابوونیان نییە"
.
.

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی " Hygiene Bank" و " YouGov"، بە نزیکەیی 3.2 ملیۆن کەس لە بەریتانیا توانای کڕینی سابوون و شامپۆ و ماددەکانی دیکەی پاکژکردنەوەیان نییە و ئەمەش وایکردووە شەرم بکەن بچنە سەر کارەکانیان.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشدا، لە سەدا 12ـی خەڵکی بەریتانیا خۆیان لە هاوکارەکانیان بەدوور دەگرن و هەوڵ دەدەن بۆنی ناخۆشی خۆیان و جلوبەرگەکانیان بشارنەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، زۆربەی ئەو کەسانە بەهۆی گرانییەوە لە بەرهەمەکانی شامپۆ، سابوون، ریشتاشین و پاکژکەرەوە بێبەشبوون.

رۆژی 20ـی تشرینی یەکەم، لیز ترەس دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا راگەیاند و گوتی: "حکومەتەکەم تووشی ناسەقامگیرییەکی گەورەی ئابووریی نێودەوڵەتی بووە، دانبەوەدا دەنێم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ناتوانم ئەو ئەرکانە جێبەجێبکەم کە لە ئەستۆمە".

ترەس لە بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەڵێنی کەمکردنەوەی باجی بە هاوڵاتیانیدا، بەڵام چەند هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی کواسی کوارتینگ، وەزیری دارایی کابینەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و جێرمی هەنتی وەک وەزیری دارایی دەستنیشانکرد.

ئەمەش کاردانەوە و دەنگی ناڕازی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەندامانی پارتەکەی رایانگەیاند، کە دەیانەوێت لە پۆستەکەی دووریبخەنەوە.

پلانە داراییەکانی لیز ترەس قەیرانی سیاسی و ناجێگیری بازاڕی چڕتر کرد و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردنەوەی لێکەوتووەتەوە