هێرش کرایەسەر ماڵی نانسی پیلۆسی و هاوسەرەکەی گەیەندرایە نەخۆشخانە
K24 - هەولێر:
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، کەسێك لە شاری سان فرانسیسکۆ هێرشی کردووەتە سەر ماڵی نانسی پیلۆسی و هاوسەرەکەی بریندارکردووە.
درو هامیل، گوتەبێژی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئەوەی خستەڕوو، بەیانی ئەمڕۆ هەینی (28ـی تشرینی یەکەمی 2022) کەسێك هێرشیکردووەتە سەر ماڵەکە و پاوڵ پیلۆسی، هاوسەری نانسی بریندارکردووە.
سەبارەت بە هێرشبەرەکە، گوتەبێژی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوە دایە".
درو هامیل گوتیشی: لەکاتی هێرشەکەدا نانسی پیلۆسی لە سان فرانسیسکۆ نەبووە و تەنیا هاوسەرەکەی لە ماڵەکەدا بووە، کە لە ئاکامی هێرشەکەدا بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
نانسی پیلۆسی و خێزانەکەی سوپاسی تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگرییان کرد، کە بە زوویی بە هانایانەوە هاتوون و داوایانکرد، لەم کاتەدا رێز لە باری تایبەتی خێزانەکە بگیرێت.
لە ساڵی 2019ـەوە، پیلۆسی وەك سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەڵبژێردراوە و یەکەم خانمە لە ئەمەریکا ئەو پۆستەی هەبێت. یەکێکە لەو سیاسیانەی ئەمەریکا، ناکۆکی زۆری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەبووە.