سوپای پاسداران: ئەمەریکا لەسەر کوشتنی شیرین ئەبو عاقلە بێدەنگە بەڵام بۆ ژینا ئەمینی دێتە دەنگ
K24 - هەولێر:
سوپای پاسداران و ئیتڵاعات هەر یەک لە ئەمەریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل و سعوودیە بە هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران تۆمەتبار دەکەن.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی ئیتڵاعات و سوپای پاسداراندا هاتووە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەبەرامبەر کوشتنی جەمال خاشقچی و شیرین ئەبو عاقلە و کوشتنی رەشپێستەکانی ئەمەریکا چاویان دادەخەن، بەڵام لەبەرامبەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) پێش لێکۆڵینەوەکان کەوتن و هەواڵی ناراستیان بڵاوکردەوە و بوونە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی ئێران.
ئیتڵاعات و سوپای پاسداران راینگەیاند، بەڵگەی تەواومان هەیە ماوەی ساڵێكە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانن بۆ تێکدانی دۆخی ئێران.
نزیکەی 40 رۆژە، بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستبەسەرکرابوو، خۆپیشاندان لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و رووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێناوە.
رۆژی 11/5/2022، خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە میانی رووماڵکردنی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین کوژرا.
ئەلجەزیرە و دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین بەرپرسیارییەتی کوشتنی ئەبو عاقلە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل پێی وایە کە ناوبراو بە گولـلەی چەکدارانی فەڵەستینی کوژراوە، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە رەتکراوەتەوە.
شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی 1971 لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی 25 ساڵ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو.