پوتن باسی چارەنووسی کورد دەکات

"دەبێت هەوڵی هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان بدەین"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە دوا پانێلی 19مین دیداری ڤەڵدای  نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ،  ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا وتەیەکی پێشکەشکرد، دواتر لەگەڵ پسپۆڕ و شارەزایانی بەشداربووی ناو دیدارەکە شەن و کەوی پرسە هەنوکەییەکانی جیهانیان کرد، د. محەمەد ئیحسان، شرۆڤەكاری سیاسی لە هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی پرسی کورد پرسیارێکی ئاراستەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا کرد، پوتین دەڵێت: دەبێت هەوڵی هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان بدەین، ئەگەر هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان بەدینەهێندرێت، ئاشتی بەردەوام نابێت، ئەم بابەتە سەبارەت بە چارەنووسی کوردەکانیش هەمان شتە.

پرۆفیسۆر محەمەد ئیحسان، بۆ ڤلادیمێر پوتن گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم بەرێز پوتن، پرسیارێکی راستەوخۆم بۆ ئێوە هەیە. تەوەری ئەم خولە ئاشتی لە دوای هەژموون و دادپەروەری و ئاسایش بۆ هەمووان، پێتوایە لەم قۆناغەدا کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا ئاسایشی باشتر، دادپەروەری زیاتر لە داهاتوودا بەدەست بهێنێ؟ ئایا دەتوانن بە وردی لەسەر ئەم بابەتە بوەستن؟ وەک گوتت لە ئەمەریکای ناوەڕاست، لە ئەفریقا ئاڵای رووسیا لە هەموو شوێنێک هەیە، خەڵکێکی زۆر هەن کە رووسیایان خۆشدەوێت، پشتگیری دەکەن، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە کە دەتوانرێت هەمان شت لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگوترێت، هەروەها خەڵکێکی زۆر هەن کە پشتگیری رووسیا دەکەن و خۆشیان دەوێت".

لە وەڵامدا ڤلادیمێر پوتن دەڵێت: "سوپاس بۆ بەشی کۆتایی قسەکانت، ئاڵای ئێمە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکاشدا  هەیە، بەڕێزان، ئێمە لەوێ لایەنگری زۆرمان هەیە. لە ئەمەریکا رێژەیەکی زۆر لەو کەسانە هەن کە پابەندن بە بەها نەریتییەکانەوە، ئەوانیش لەگەڵمانن، ئێمەش دەزانین. سەبارەت بە کورد، من پێشتر نەک لە پەیوەند بە گەلی کوردەوە، بەڵکو بە گشتی گوتومە، بێگومان دەبێت هەوڵی هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان بدەین، تەنیا ئەگەر هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان بەدیبهێنرێت، ئاشتی بەردەوام دەبێت، ئەم بابەتە سەبارەت بە چارەنووسی کوردەکانیش هەمان شتە".