ئوستورالیا 17 هاووڵاتی خۆی لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ دەگەڕێنێتەوە

رۆژئاوای کوردستان، وێنە: AFP
رۆژئاوای کوردستان، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئوسترالیا چوار ژن و 13 منداڵی گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەیان کە چەند ساڵێك بوو دوای رووخانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دوو کەمپ لە سنووری رۆژئاوای کوردستان راگیرابوون.

ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ شەممە (29ـی تشرینی یەکەمی 2022)، یەکەم ئۆپەراسیۆنە لە زنجیرەیەک ئەرکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ وەرگرتنەوەی نزیکەی 20 ژن و 40 منداڵی ئوسترالی، کە ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن بوون و، لە کەمپی هۆڵ و رۆژ ماونەتەوە.

وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا، کلێر ئۆنیڵ رایگەیاند، حکومەت "کۆمەڵێک هۆکاری پەیوەست بە ئاسایش و کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی" لەبەرچاو گرتووە.

کلێر ئۆنیڵ لە بەیاننامەیەکدا دوای هاتنی ئەو گروپە ١٧ کەسییە بۆ سیدنی، گوتی: بڕیاری وەرگرتنەوەی ئەو ژنانە و منداڵەکانیان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی دوای کارکردنی درێژخایەن لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە دراوە.

گەڕاندنەوەی ئەندامانی بنەماڵەی چەکدارانی داعش لە ئوسترالیا پرسێکی سیاسییە و رژێمی سووریا ئەو کەسانەی بە هەڕەشەی ئەمنی ناساندووە.

ئۆنیڵ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەندامانی دەزگای دژە تیرۆر بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ژنانە لە سووریا بەشداری چالاکیی نایاسایییان کردووە، دەکرێت ئەو ژنانە لە ئوسترالیا دادگایی بکرێن.

کەمپی هۆل تایبەتە بە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 71 هه‌زار كه‌سی سه‌ر به‌ داعشی تێدایه‌ و نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و زۆربەیان عێراقین، ئەو کەمپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە قەڵەم دەدرێت چەند جارێکیش پشێوی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بە فەرمی داوا لە وڵاتان کراوە هاووڵاتییانیان لەو کەمپە ببەنەوە وڵاتەکانیان.

هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر، نزیکەی دوو هەزار و 500 ژن و منداڵی وڵاتانی بیانیی نێو داعش لە کەمپی رۆژ هەن.