ژمارەیەک قوتابخانە دەکرێنەوە و بەردی بناغەی چەند قوتابخانەیەکیش دادەندرێت

K24 – هەولێر

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک باڵەخانەی نوێی پەروەردەیی دەکەونە بواری خزمەت و بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی نوێش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێت.

بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر چوار قوتابخانە (سێ قوتابخانەی 18 پۆلی و قوتابخانەیەکی 9 پۆلی ) و یەک باخچەی منداڵان تەواوبوون و دەکەونە بواری خزمەتەوە. هەروەها قوتابخانەیەکی دیکەی 12 پۆلی و قوتابخانەیەکی شەش پۆلی لەکۆتاییەکانی قۆناغی کارکردنن و تەواودەبن.

لە پارێزگای سلێمانی قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی و باخچەیەکی منداڵان تەواوبوون و دەکەونە بواری خزمەتەوە.

هەروەها لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی دوو قوتابخانەی 18 پۆلی دادەندرێت.

بە پێی راگەیەندراوەکە، لە پارێزگای هەڵەبجە بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 12 پۆلی و لە پارێزگای هەولێر بەردی بناغەی حەوت  قوتابخانەی  نوێ دادەنرێت،  شەش قوتابخانەی 18 پۆلی  و قوتابخانەیەکی 9 پۆلی .