کۆمکاری عەرەبی پشتیوانی لە رێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیل دەکات

"رێککەوتنەکە لوبنان دەگەیەنێت بە مافی سەروەری دەریایی"
ئاڵای ئیسرائیل و لوبنان
ئاڵای ئیسرائیل و لوبنان

K24 - هەولێر:

جێگری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، حوسام زەکی لە لێدوانێکیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە کۆمکاری عەرەبی پشتیوانی تەواو لەو رێککەوتنە دەکات کە لوبنان دەگەیەنێت بە مافی سەروەری دەریایی و سوودمەندی دەکات لە دەوڵەمەندی و سەرچاوە سرووشتییەکانی ناوچە ئابوورییەکان و سوودی دەبێت بۆ گەلەکەی کە پێویستیان بە هەموو جۆرە پاڵپشتییەکە.

زەکی باسی لەوەکرد، رێککەوتنی سنووردارکردنی ناوچەی دەسەڵاتی دەریایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەنگاوێکی گرنگە.

لوبنان و ئیسرائیل دوو وڵاتی دراوسێن و هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتیی لەنێواندا نییە، ماوەیەکە بە نێوەندگیریی ئەمەریکا دانوستان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە لەبارەی سنووری دەریایی کە نزیکەی 860 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە لە نێوانیاندا.

لە کۆتایی دانوستانەکاندا کە هەڵشان و داکشانی بەخۆوە بینی، دوێنێ رێککەوتننی سنووری دەریایی نێوانی هەردوو وڵات لەلایەن سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یائیر لاپید واژوو کرا.

هەماهەنگیکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان، جوانا رۆنێکا ئاماژەی بەوە کرد کۆپی ئەو رێککەوتنەیان پێگەیشتووە کە بەجیا لەلایەن هەردوولاوە واژوو کراوە و دەیگەیەننە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.