ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر  

حکومەتی ئەمەریکا پرسی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران دەباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئێران کاردانەوەی بەرامبەر بەو کارە نیشاندا و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئەمەریکا تۆمەتباری پلە یەکی ئاژاوەگێڕییەکانە".

بڕیار وایە کۆبوونەوەکە رۆژی چوارشەممە (2ـی تشرینی دووەم) بەڕێوەبچێت و جاوید رەحمان نێردەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئێران، شیرین عەبادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و نازەنین زا‌غەری، ئەکتەری سینەما و چالاکڤان، لە کۆبوونەوەکەدا قسە بکەن.

ئەمەریکا دەڵێ، مەبەستی لەو کۆبوونەوەیە، هەڵسەنگاندنی رێگەی کردەنییە بۆ دەستپێکی "لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و جێی متمانە" لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران. کۆبوونەوەکە نافەرمییە و ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان و گرووپ و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەتوانن تێێدا بەشداربن.

ئاژانسی رۆیتەرز سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە سەرکوتی ئەمدواییەی کچان و ژنان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئێران دەکرێت."

نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، کاردانەوەی بەرامبەر بەو کۆبوونەوەیە هەبوو و رایگەیاندووە، نییەتی ئەمەریکا بۆ پشتگیری لە ژنانی ئێرانی، "پاک نییە" و دەڵێ: ئەمەریکا تۆمەتباری سەرەکی ئاژاوەگێرییەکانە.

زیاتر لە 40 رۆژە خۆپێشاندان لە دەیان شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەو ماوەیەدا و تا رۆژی هەینی رابردوو بەلانی کەمەوە 253 کەس کە 34ـیان منداڵبوونە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.