یادی 50 ساڵەی کۆچی دوایی وەهاب ئاغای رواندزی دەکرێتەوە

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری  سەرۆک بارزانی، لە رواندز یادی پەنجا ساڵەی کۆچی دوایی وەهاب ئاغای رواندزی دەکرێتەوە و پەردە لەسەر پەیکەری کۆچکردوو لادەدرێت.

لە رێوڕەسمەکەدا سیداد بارزانی وتاری سەرۆک بارزانی خوێندەوە و تێدا هاتووە: "ئەمڕۆ لێردا یادی وەهاب ئاغای جندیانی تێکۆشەری دیاری خەباتی گەلەکەمان دەکەینەوە، پەنجا ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شۆڕشگێری ناسراو، خاوەن مێژوویی پڕ سەروەری وەهاب ئاغا تێدەپەڕێت، چیا و شاخ و دۆڵەکانی کوردستان شاهیدی بۆ قارەمانیەتی و بوێری وەهاب ئاغا دەدەن، ئەو بۆ گەل و وڵاتەکەی کەسێکی دڵسۆز بووە و لە رێگەی خەباتدا سەختی و ئاوارەیی و زیندانی بینیووە، مێژووی خەباتی ئەو قارەمانە تەنیا لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول نەبووە، بەڵکو رۆڵی ئەو هەر لە چلەکانی سەدەی بیستەم دەستپێکردووە و جێدەستی لە شۆڕش و جوڵانەوەکانی کورددا دیاربووە".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئاماژە بە رۆڵی وەهاب ئاغای جندیانی لە شۆڕشی بارزان کرا و ئەوە خرایەڕوو: "لە ساڵی 1943دا رۆڵی هەبووە لە پشتیوانیکردنی شۆڕشی بارزان و هاوکاری راپەڕینەکەی بارزان بووە".

لە وتاری سەرۆک بارزانی بۆ یادی 50 ساڵەی کۆچی دوایی ەهاب ئاغا باس لەوەکراوە: "وێستگەیەکی دیکەی ژیانی سیاسی وەهاب ئاغا حزبی هیوا بووە، لەوکاتەدا وەهاب ئاغا ئەڵقەی پەیوەندی نێوان جەنابی بارزانی نەمر و حزبی هیوا بووە و جێی متمانە و نزیکترین بووە، هەروەها وەهاب ئاغا پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێکی کۆماری کوردستان لە مهاباد بوو، یەکێک بوو لە فەرماندەکانی لەشکری بارزان لە کۆمار، هەر لە مهاباد لە ساڵی 1946 لەگەڵ بارزانی نەمر، هەمزە عەبدوڵڵا، نووری ئەحمەد تەها، بەکر حەوێزی، مستەفا خۆشناو، عزەت عەبدولعەزیز و چەند هەڤاڵێکی دیکە دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد بوون، لەوێ بڕیاریانداوە هەمزە عەبدوڵڵا بنێرنەوە کوردستانی عێراق، بۆ ئەوەی پارتی لە کوردستان دەست بە چالاکییەکانی بکات، دوای کۆماری کوردستان وەهاب ئاغا بەهۆی نەخۆشییەوە نەییتوانی لەگەڵ بارزانی نەمر و هەڤاڵانی بچێتە سۆڤیەت، بۆیە گەڕایەوە عێراق و ماوەی چەند ساڵێک لە مووسڵ زیندانی کرا".

لە وتاری سەرۆک بارزانی هاتووە: "وەهاب ئاغا لە شۆڕشی ئەیلوولدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، لە ساڵی 1963 تا ئەوکاتەی کۆچی دواییکرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بووە، وەهاب ئاغا جگە لەوەی رۆڵی گرنگی لە شۆڕشەکاندا بینیووە، حەزی لە هونەر و کولتوور و خوێندنەوە بووە و کوردێکی ئازادیخواز و بوێر و لەخۆبوردو بووە".

ئازاد جندیانی، سیاستمەدار و کوڕی وەهاب ئاغا لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "خۆمان بە میراتگری وەهاب ئاغا ئەزانین، کە هەر لە چلەکانی سەدەی رابردووەوە لە شۆڕشی بارزان، کۆماری کوردستان لە مهاباد و شۆڕشی ئەیلوولدا هەڤاڵی مەلا مستەفا بارزانی نەمر بووە و لە سایەی رێبەرایەتی ئەودا تا دوا ساتەکانی ژیان تێکۆشاوە، میراتەکەی وەکو گەنجینەیەکی پڕ لە شانازی و بەرپرسیاریەتی مەزن بۆ ئێمە جێهێشتووە".

گوتیشی: "لەم بۆنەیەدا کە بە چاودێری جەنابی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی نوێنەری قەدر گرانی ئەو بەڕێز سیداد بارزانی بەڕێوەدەچێت، وێڕای پشتیوانی مەعنەوی و ماددی بۆ یادکردنەوەکە، پەیامە بە نرخ و مێژووییەکەی سەنگ و مانای دیکەی بە یادکردنەوەکە بەخشیووە، وەک لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی نووسیویەتی، بۆ یەکەمینجار رۆڵی وەهاب ئاغای لە دامەزراندنی پارتیدا، وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بە رابەرایەتی بارزانی نەمر، وەک دۆکیۆمێنێت لە مێژووی پارتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد تۆمارکرد، کە ساڵانێکی زۆرە کەسوکار و هەڤاڵانی کاک وەهاب چاوەڕوانی بوون، بۆیە لێرەوە بەناوی کەسوکار و هەڤاڵانییەوە سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین، کە ئەو لاپەڕەیەی لە مێژووی پارتیدا خستەوە بەر رووناکی راستیە مێژووییەکان، پێویستە بەشێوەیەکی رەوان بڵێین سەرۆک بارزانی شانازی بە بەڕێزتان و پارتی دەکەین و خۆمان بە بەشێک لە بەردەوامبوونی ئەو رێبازە دەزانین، کە باوکمان رێبوارێکی متمانەدار و ماندونەناسی ئەو رێبازە بووە".

ئازاد جندیانی، گوتیشی: "دوای دابڕانم لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 1975ـەوە تا شوباتی 2017، ئەمڕۆ 29/10/2022 راستەوخۆ لەبەردەم کامێراکانی میدیاکاندا، داواکاری پێشکەش بە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم جارێکی دیکە سەر لە نوێ رەزامەندی بفەرموێت بۆ ئەوەی شەڕەفی ئەندامیەتی پارتی دیموکراتی کوردستانم پێبەخشێت".