سەرۆکی شارەوانی کیێڤ: ئەم زستانە لە سەرما رەق دەبینەوە

کیێڤ - وێنە: رۆیتەرز
کیێڤ - وێنە: رۆیتەرز

K24 - هەولێر:

ماوەی چەند هەفتەیەکە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا وێستگەکانی کارەبایان بەئامانج گرتووە، چەند سەرچاوەیەکیش لە کیێڤەوە ئاشکرایانکرد، 30%ی وێستگەکانی کارەبا لە تەواوی وڵاتەکەدا بە تەواوی لەناوچوون.

سەرەڕای ئەوەی دوێنێ ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی لەوەکردەوە کە گەلەکەی لە تاریکی ناترسن. بەڵام وەك دەردەکەوێت ئامانجی مۆسکۆ ئەوە نییە ئۆکرانیا لە تاریکیدا بخنکێنێت، بەڵکو پێدەچێت بیەوێت لەرێگەی بەستەڵەکەوە چۆکی پێدابدات.

نزیکبوونەوەی زستان و گەیشتنی بەفر بۆ بەردەم ماڵ و لانەی ئۆکرانییەکان، لەکاتێکدایە کە وێستگەکانی وزە گورزی گەورەیان بەرکەوتووە و ئەمەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر هۆکارەکانی گەرمکردنەوە.

سەبارەت بەم بابەتەش، ڤیتالی کلیتشکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، ئۆکرانییەکان ئەم زستانە لە سەرما رەق دەبنەوە، ئەگەر رۆژئاوا بە زوویی بەتانی و پێداویستییەکانی گەرمکردنەوە نەنێرێت.

ناوبراو گوتیشی: ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ رزگارکردن و پاراستنی گەلەکەمان، بەڵام بە دڵنیاییەوە تێپەڕاندنی ئەم زستانە ئاڵانگارییەکی گەورە دەبێت.