داوای به‌دواداچوون بۆ دۆخی ته‌ندروستی کازم فاروق دەکرێت

د. کازم فاروق
د. کازم فاروق

K24 – هەولێر

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، داوای بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستی و رەوشی ژیانی کازم فاروق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

فراکسیۆنی گۆڕان ئەمڕۆ (شەممە 29ـی تشرینی یەکەم) نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد. لەو نامەیەدا هاتووە، "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین وەک فراکسیۆنی گۆڕان، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەین بە پێی دەسەڵاتەکانی، لیژنەی تەندروستی رابسپێرێت بە دروستکردنی لیژنەیەکی لاوەکی بۆ بەدواداچوونكردن بۆ دۆخی تەندروستی و رەوشی ژیانی كازم فاروق."

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی تەندروستی کازم فاروق، رایگەیاند "به‌پێی گوته‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، دۆخی تەندروستی کازم فاروق ناجێگیرە و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دایە. سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دووپاتیکردبووەوە، "ناوبراو هێشتا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە".

لەلایەکی دیکەوە نەوەی نوێ رایگەیاند، بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە کازم فاروق خۆی بە فەرمی دەستیلەکارکێشاوەتەوە و هیچ پەیوەندیی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا نەماوە.