ناكۆكییه‌كانی رووسیا و به‌ریتانیا ده‌چێته ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی
K24 – هەولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، دۆسییه‌ی هێرشكردنه‌سه‌ر دوورگه‌ی سیڤاستوپۆڵی سه‌ر به ناوچه‌ی كریمیا و ته‌قینه‌وه‌كانی نزیك بۆری نۆرد ستریم 2، ده‌گه‌یه‌ننه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی.
ماریا زاخارۆڤا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، له رێگه‌ی تێلگرامه‌وه رایگه‌یاند، رووسیا ده‌یه‌وێت له‌باره‌ی زنجیره هێرشه‌كانی ده‌ریای ره‌ش و باڵتیك، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه، ئاگاداربكاته‌وه.
هه‌روه‌ها زاخارۆڤا گوتی: "ئه‌و هێرشانه به‌ریتانیای له پشته".
له لایه‌كی دیكه‌وه وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 29ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022) بڵاویكرده‌وه، كه‌شتییه‌كانییان له دوورگه‌ی سیڤاستوپۆڵی سه‌ر به ناوچه‌ی كریمیا له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه كراونه‌ته ئامانج، كه به‌شێك بوون له پاراستنی گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی بۆ جیهان، له رێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو.
له 24ـی شوباتی رابردوو به فه‌رمانی ڤلادیمێر پووتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرش كرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون و تا ئێستاش شه‌ڕ به‌رده‌وامه.