له چه‌ند رۆژی داهاتوودا حه‌وت هه‌زار تۆ‌ن بنه‌تۆ به نرخی پاڵپشتیكراو به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌شده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حه‌وت هه‌زار تۆ‌ن بنه‌تۆ به نرخی پاڵپشتیكراو به‌سه‌ر جووتیارانی هه‌رێمی كوردستاندا، دابه‌شده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (29ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، رێژین سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مهێنان و په‌سه‌ندكردنی بنه‌تۆ له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كوردستان24ی راگه‌یاند، بۆ ئه‌مساڵ حه‌وت هه‌زار تۆ‌ن بنه‌تۆ ئاماده‌كراوه و به نرخی پاڵپشتیكراو به‌سه‌ر جووتیارانی هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌شده‌كرێت.
هه‌روه‌ها گوتی، هه‌موو ئه‌و بنه‌تۆیانه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوه‌وه دابه‌شكرده‌كرێت، به‌رهه‌می خۆماڵییه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئێستا 26 ته‌رزی بنه‌تۆ به‌ناوی وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه تۆماركراوه كه له لایه‌ن سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵییه‌وه به‌رهه‌مهێندراوه.
سه‌باره‌ت به جۆری ئه‌و بنه‌تۆیه‌ی به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌شده‌كرێت، رێژین سدیق، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و بنه‌تۆیه‌ی ئاماده‌كراوه گونجاوه له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای هه‌رێمی كوردستان و به‌رگه‌ی زیاتری وشكه‌ساڵی ده‌گرێت، هه‌روه‌ها توانای به‌رگریكردنی زیاتری هه‌یه بۆ ئه‌و ده‌رد و نه‌خۆشییانه‌ی له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ربڵاوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مهێنان و په‌سه‌ندكردنی بنه‌تۆ له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، ئه‌و بنه‌تۆیانه‌ی ئاماده‌كراوه به‌هاوكاری جووتیارانی به‌رهه‌مهێنی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌مهاتووه، كه هه‌ر تۆنێك به بڕی 880 هه‌زار دینار له جووتیاران كڕاوه‌ته‌وه.
زیاتر گوتی، دوای وه‌رگرتنی بنه‌تۆیه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆسه‌ی پاككردنه‌وه و ئاماده‌كردنی بنه‌تۆیه‌كان بۆ دابه‌شكردن و قازانجی كۆمپانیاكانیشی له ئه‌ستۆی خۆی گرتووه كه بۆ هه‌ر تۆنێك زیاتر له ملیۆنێك دیناری تێچووه، به‌ڵام هه‌ر تۆنێك به نرخی پاڵپشتیكراو كه ته‌نها 800 هه‌زار دیناره به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌شده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه، ئه‌و بنه‌تۆیانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاورده‌ده‌كرێن، كوالیتییان ناگاته بنه‌تۆی به‌رهه‌مهێندراوی ناوخۆ و له‌رووی نرخیشه‌وه زۆر گرانتره.
هه‌رچه‌نده وه‌رگرتنی بنه‌تۆ له‌لایه‌ن جووتیارانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، رێژین سدیق پێشبینیكرد له‌ماوه‌ی 20 رۆژی سه‌ره‌تای دابه‌شكردنی رێژه‌ی به‌رهه‌مهاتووی بنه‌تۆ به‌سه‌ر جووتیاراندا ته‌واوبێت و به‌شی هه‌موو جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كات. گوتیشی، پلانیان هه‌یه له ساڵانی داهاتوودا رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی بنه‌تۆ به‌سه‌ر جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان زیاتربكه‌ن.
سه‌باره‌ت به هاورده‌كردنی بنه‌تۆ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئه‌و بنه‌تۆیانه‌شی له ناوخۆ به‌رهه‌مده‌هێندرێت، له تاقیگه‌كاندا پشكنینیان بۆ ده‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی بگاته ده‌ستی جووتیاران.
هاوكات جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه كه ساڵانه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی په‌یوه‌ست به زه‌وییه چێندراوه كشتوكاڵییه‌كان، هاوشێوه‌ی ساڵانی پێشوو، مادده‌ی قڕكه‌ر به خۆڕایی بۆ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان دابینده‌كات.
ساڵی 2020، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سێ هه‌زار تۆ‌ن و ساڵی 2021 پێنج هه‌زار تۆ‌ن بنه‌تۆی به نرخی پاڵپشتیكراو به‌سه‌ر جووتیارنی هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌شكرد و بۆ ئه‌مساڵیش حه‌وت هه‌زار تۆ‌ن بنه‌تۆ ئاماده‌كراوه.