مه‌سرور بارزانی هاوخه‌می بۆ گه‌لی كۆریای باشوور ده‌رده‌بڕێت

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی هاوخه‌می بۆ رووداوی گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیان له‌ ئاهه‌نگێك له‌ سیئۆلی پایته‌ختی كۆریای باشوور بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (29ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر په‌یامێكی هاوخه‌می بۆ گه‌لی كۆریای باشوور بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، "زۆر خه‌مباربووم بە گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەشێوەیەکی تراژیدی لە ئاهەنگێکدا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش کۆببوونەوە له‌ سیئۆل. لەم کاتە سەختەدا سەرەخۆشی لە گەلی کۆریا دەکەم".

ئه‌‌مڕۆ شه‌ممه‌ (29ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت به‌ هالۆوین له‌ شاری سیئۆلی پایته‌ختی كۆریای باشوور، پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆر له‌ شوێنی ئاهه‌نگه‌كه‌ دروستبوو، به‌هۆیه‌وه 146 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ 150 كه‌سی دیكه‌ش ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون.