ژماره‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌غدا به‌رزبووه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مشه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له رۆژهه‌ڵاتی به‌غدای پایته‌ختی عێراق روویدا و كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: هێزه ئه‌منییه‌كان له ناوچه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه بڵاوه‌یانپێكراوه، لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی هۆكاری ته‌قینه‌وه‌كه ده‌ستییپێكرد.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ته‌قینه‌وه‌كه له‌نێو گه‌راجێكی وه‌ستانی ئۆتۆمبێل له نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی (تاڵبییه) و (ئه‌لقاهیره) له رۆژهه‌ڵاتی شاری به‌غدا روویداوه.
فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غداش له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانییانه‌وه رایگه‌یاند، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌غدا، نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 12 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه لیوا كازم سه‌لمان بۆهان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رگری شارستانی عێراق، له‌مباره‌یه‌وه به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ژماره‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌غدا گه‌یشته 9 كوژراو و 13 بریندار.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، ته‌قینه‌وه‌كه كاری تیرۆریستی نییه و زیانیشی به 500 مه‌تر به چوارده‌وری خۆی گه‌یاندووه.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ته‌رمی كوژراوان و بریندارانیان گواستووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌نێو ته‌نكه‌رێكی غازدا غاز دزه‌ی كردووه، ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
