ئەمەریکا: رووسیا خۆراك وەک چەک بەکاردەهێنێت

"راگرتنی هەناردەی دانەوێڵە لەلایەن رووسیاوە قەیرانە مرۆییەکان دژوارتر دەکات"
سوپای رووسیا - ئەرشیف
سوپای رووسیا - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا خۆراک وەک چەک بەکاردەهێنێت.

لە راگەیەندراوێکدا ئەنتۆنی بلینکن جەختی لەوەکردەوە، راگرتنی هەناردەی دانەوێڵە لەلایەن رووسیاوە قەیرانە مرۆییەکان دژوارتر دەکات و دۆخی ئاسایشی خۆراک خراپتر دەکات.

رۆژی شەممە رووسیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کەشتییەکانی رووسیا کە باری دانەوێڵە دەگوازنەوە، ناتوانن پابەندی رێککەوتنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەناردەی دانەوێڵە بن.

چەندین کەسایەتیی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان ناڕەزاییەتییان لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی رووسیا دەربڕیوە.

رێککەوتنەکەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا و رووسیا لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی تەمووزی ئەمساڵ و بە نێوەندگیریی تورکیا لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ واژووکرا.