ئەمەریکا لە دۆخی شنگال نیگەرانە

"ململانێ کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کەرتی پەروەردە کردووە"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - سلێمانی

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ململانێ لە شنگال کاریگەری زۆر خراپی لەسەر کەرتی پەروەردە کردووە و پرۆسەی گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی زۆر لەسەرخۆ دەڕوات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30/10/2022، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووتەڕوو: "پۆلەکانی خوێندن لە شنگال زۆر قەرەباڵخن و کەرەستە و پێداویستی خوێندنیش نییە، پەرەپێدانی پەروەردە یەکێکە لە کارە ھەرە لە پێشینەکان بۆ پێکھاتەکانی شنگال".

سەبارەت بە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ شنگال کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەڵێت: "بەم دواییانە ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لەگەڵ دامەزراوەی ستێپ بۆ گەشەپێدان و پەروەردە ھاوبەشی کردووە بۆ چاکردنەوەی دوو هەزار مێزی خوێندن لە شنگال، کە 22 کەسی خۆجێی لەناویشیاندا چەندین ئافرەت کارەکە جێبەجێ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دامەزراوەی ستێپ لە نزیکەوە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەروەردە دەکات بۆ دابەشکردنی مێزی خوێندن بۆ 31 قوتابخانە لە دەڤەری شەنگال لەناویشیاندا قوتابخانەی ئومێد. دامەزراوەی ستێپ رێکخراوێکی دیکەی ناحکومییە بە ھاوکاری ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی قوتابخانەکە نۆژەندەکاتەوە.

لە تشرینی یەکەمی 2020، هەولێر و بەغدا بە چاودێری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق، رێککەوتنی ئاسییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژۆکرد، کە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتییە لە چوونە دەرەوەی هەموو هێزە چەکدارەکانی نایاساییەکان لە شنگال و سپاردنی ئاسایشی قەزاکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەگەڵ دانانی قایمقامێکی نوێ و ئاوەدانکردنەوە و دووبارە گەڕاندنەوە ئاوارەکان.

جێبەجێکردنی رێككه‌وتنی شنگال، یه‌كێكه‌ لە خاڵەکانی کارنامەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کە به‌گوێره‌ی كارنامه‌كه‌ ده‌بێت ئاسایش و ئارامی بۆ قه‌زای شنگال بگه‌ڕێته‌وه‌.