خالید شوانی: کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەکەین

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق
خالید شوانی وەزیری دادی عێراق

K24 – هەولێر

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە خالید شوانی بە فەرمی وەک وەزیری دادی عێراق دەستبەکاربوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەرخستنی پارە یەکێکە لە ئەولەویەتی ئەم کابینەی حکومەت، وەزارەتەکەمان بە جددی کار دەکات، بەرپرسیاریەتی خۆمان وەردەگرین، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی عێراق بکەین لەلایەنی یاسایی و دادوەری لە بەرامبەر دادگاکانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پارانەی بردراون یان دزراون".

گوتیشی: "کار دەکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان دابەشبکەین، بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی وەزارەت دەسەڵاتیان هەبێت و کارنامەی حکومەت جێبەجێ بکەین، لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان".

خالید شوانی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کابینەی رابردوودا کاری باش لە وەزارەتی دادی عێراق کراوە و ئەوان درێژەپێدەری دەبن و گوتی: "خاڵی گرنگی ئێمە بۆ کارکردن لەم وەزارەتە ئەوەیە حکومەتەکە حکومەتێکی خزمەتگوزارییە و پێویستە ئەم وەزارەتە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات، خزمەتگوزارییەکانی ئێمە خزمەتگوزاری دادیین، نابێ هاووڵاتییان لەبەردەم وەزارەت بمێننەوە، بەڵکو دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا کاروبارەکانیان رایی بکرێن".