نیوزلەندا بەشێک لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد

"کۆماری ئیسلامی ئێران مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی خۆی پێشێل و خۆپێشاندەران سەرکوت دەکات"
نانایا ماهوتا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیوزلەندا
نانایا ماهوتا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیوزلەندا

K24 – هەولێر

حکومەتی نیوزلەندا رۆژی دووشەممە ئاشکرایکرد، گفتوگۆ فەرمییە دوولایەنەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ لەگەڵ ئێرانی، هەڵپەساردووە و دووپاتیکردووەتەوە، "لە دۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی خۆی پێشێل دەکات، ئیتر ناتوانن بەرگری لەو گفتوگۆ و دانوستانانە بکەین".

نانایا ماهوتا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیوزلەندا، لەبارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بڕیاری حکومەتی نیوزلەندا بۆ هەڵپەساردنی دانوستانەکان هەڵگری ئەو پەیامەیە، تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی خۆی پێشێل و خۆپێشاندەران سەرکوت بکات، ناکرێ درێژە بە گفتوگۆی دوو لایەنی بدەین".

خاتوو ماهاتو، رایگەیاندووە: توندوتیژی دژی ژنان، کچان یان هەر تاکیکی کۆمەڵگەی ئێران و بێبەشکردنیان لە مافی مرۆڤی جیهانی، قبووڵکراو نییە و دەبێ کۆتایی پێبێت.

ساڵی 2018 نیوزلەندا و ئێران رێککەوتن بە ئامانجی رەواندنەوەی نیگەرانی و پرسی مافی مرۆڤ، گفتوگۆ بکەن. ساڵی 2021 گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان بەڕێوەچوون و بڕیاربوو گەڕی دووەم لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ بەڕێوەبچن.

هەفتەی رابردوو بەرپرسانی نیوزلەندا دووپاتیانکردەوە، دوو هاووڵاتانیان کە چەندین مانگە لە ئێران دەستبەسەرن، ئازادکراون. هەر لەو کاتەدا حکومەتی نیوزلەندا داوای لە هاووڵاتیانی کرد، ئێران چۆلبکەن.