زیاتر لە 30 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە عێراق تۆمارکراوە

.
.

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، حاڵەتەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 30 هەزار حاڵەت.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ژمارەى توشبوونى بە شێرپەنجە بەپێی ژمارەى دانیشتووان لە زیادبووندایە و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە زیاتر لە 30 هەزار حاڵەت.

ئاماژەی بەوەشكرد، شێرپەنجە کێشەیەکی جیهانییە کە لە گەشەکردندایە، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە عێراق کەمترە لە 80 حاڵەت لە هەر 100 هەزار عێراقی لە ساڵێکدا.

ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی کە نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە، تەنیا لە رۆژی 23/10/2022، 41 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە و 950 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە کردووە.

پێشتر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردبوو: "ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتی بە بڕی 90 ملیار دینار بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە دابینکردووە".