سلێمانی یادی حەمە ساڵح دیلان دەکاتەوە

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

32 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند و شاعیری كورد حەمە ساڵح دیلان تێدەپەرێت، ئەو دوای خۆی خەرمانێك لە ئەدەبیات و هونەری مەقامات بەجێدەهێڵێت، لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی خانەوادە و زۆرێك لە ئەدیب و هونەرمەندان، یادی  كۆچی  دوایی ئەو هونەرمەندە کرایەوە.

دوای  32 ساڵ هێشتا زۆرێك لە بەستە و مەقامەکانی حەمە ساڵح دیلان لە زۆرێك لە كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبیەكان دەگوترێنەوە، كۆبوونەوەی بەشێک لە هونەرمەندان و ئەدەب دۆستان لەیادی 32 ساڵەی كۆچی دوای حەمە ساڵح دیلان، گەواهیدەری ئەو خزمەتەن كە ئەو هونەرمەندە  کردویەتی و بەرهەمەکانی وەک گەنجینەیەكی نەتەوەیەتی دوای خۆی بەجێهێشتووە.

حەمە ساڵح دیلان، ئەو دەمەی  لە ژیان بووە، ‌تاكو ئەوکاتەی کۆچی دواییکردووە، زۆركەس هەبوون خەمی  تۆماركردن و بە ئەرشیفكردنی بەرهەمەكانیان خواردووە، پرۆفیسۆر عەبدوڵڵا ئاگرین یەكێك بووە لە هەوادەراكانی كە لە ساڵی 1969 لە تەمەنی 18 ساڵیەوە دەستی بە كۆكردنەوەی شعرەكانی حەمە ساڵح دیلان كردووە، بە ناوی دیوانی شعر و پاییزی جاران و چلەی دیلان بەرهەمەكانی بڵاوكردتەوە.

هەروەها پەرتووكی حەمە ساڵح دیلان، دەروازەیەكە بۆ هونەری دەنگ، یەكێكی دیكەیە لەو بەرهەمانەی كە لەسەر وێستگەكانی هونەرمەند نووسراوە، كە لە روانگەیەكی هونەرییەوە لەسەر قۆناغ و رۆڵی هونەرمەند و تازەگەرییەكانی لە بواری بەستە و مقامات نووسراوە.

حەمە ساڵح دیلان، لە تەمەنێکی زووی لاوێتیدا ئارەزووی نووسینی شیعر و مەقامبێژی لا دروستبووە، لە ساڵی 1949 دەستیکردووە بە شیعر نووسین تا رۆژی کۆچی دوایی لەگەڵ شیعردا ژیاوە. لە تەمەنی 21 ساڵیدا شیعری بڵاوکردووەتەوە، جێدەستی خۆی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەجێھێشتووە، محەمەد ساڵح دیلان لە 28ی تشرینی یەکەمی 1990دا و لە تەمەنی 63 ساڵیدا  کۆچی دواییکردووە.