پۆلیس كارگێری یانه‌ی دهۆك به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت
دوای ئه‌وه‌ی له یاریی كلاسیكۆی كوردستان له نێوان دهۆك و هه‌ولێر گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرایه‌وه كه تێیدا گرژی و ئاڵۆزی له نێوان به‌شێك له هانده‌ران و پۆلیس دروست بوو، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك هۆكاری ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتن و توڕه‌بوونه‌ی هانده‌ران بۆ كه‌مته‌رخه‌می كارگێری یانه‌ی دهۆك ده‌گه‌ڕێننه‌وه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی دهۆك وه‌ڵامی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی شاره‌كه‌یان ده‌ده‌نه‌وه.
له یاریی گه‌ڕی پێنجه‌می خولی نایابی عێراق، یانه‌ی دهۆك به ئاماده‌بوونی زیاتر له 25 هه‌زار هانده‌ر میوانداریی یانه‌ی هه‌ولێری كرد و یارییه‌كه‌ش به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌شێك له هانده‌رانیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بلیتی یارییه‌كه‌یان كڕیبوو، به‌ڵام به‌هۆی پڕبوونی یاریگه نه‌یانتوانی بچنه نێو یاریگه، له سۆشیاڵ میدیاش چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرایه‌وه كه تێیدا ده‌ركه‌وتووه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هانده‌ران و پۆلیس روویداوه.
پۆلیس، كارگێری یانه‌ی دهۆك به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 31 ئۆكتۆبه‌ری 2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دهۆك له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كارگێری یانه‌ی دهۆك كه‌مته‌رخه‌مبوونه، چونكه ژماره‌ی بلیته‌كانیان زیاتر له قه‌باره‌ی یاریگه فرۆشتووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی گرژی و ئاڵۆزی له كاتی چوونه‌ژووره‌وه‌ی بۆ نێو یاریگه.
پۆلیسی شاری دهۆك هێمایان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه ته‌نیا له ده‌رگه‌ی ژماره 7 ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییه دروستبووه، ئه‌وان ناچاربوون رێگه له هانده‌ران بگرن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چنه نێو یاریگه و گرژی دروست نه‌بێت و نه‌بێته هۆی سزادانی یانه‌ی دهۆك.
پۆلیسی دهۆك له به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌یاندا نووسیویانه: ئه‌گه‌رچی به‌شێك له ئه‌فسه‌ر و پۆلیسه‌كانی ئێمه‌ش زامداربوون، به‌ڵام ئێمه له ئه‌ركی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پاراستنی ئارامی و پاڵپشتیكردنی هانده‌رانمان.
كارگێری دهۆك روونكردنه‌وه‌كه‌ی پۆلیس ڕه‌تده‌كاته‌وه
دوای كه‌متر له یه‌ك كاتژمێر به‌سه‌ر بڵاوكراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دهۆك، كارگێری یانه‌ی دهۆك هاتنه ده‌نگ و روونكردنه‌وه‌كه‌ی پۆلیسی شاره‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه.
كارگێری یانه‌ی دهۆك له به‌یاننامه‌یه‌كدا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن به به‌ڵگه هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه كه گوایه زیاده‌ڕۆییان له فرۆشتنی بلیتی یاریگه كردووه.