لە ئامەد کتێبی "هەورامان وڵاتی کەڤران" ناسێندرا

K24 – ههولێر:
نامق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دیاربەکر/ ئامەدی باکووری کوردستان، لە مەراسیمێکدا، ئهمڕۆ سێشهممه (25ی تشرینی یهكهم/ ئۆكتۆبهری 2022) وێڕای باسکردنی پوختەیەک لە بارەی کولتوور و زمان و بنەماکانی شارستانیەتی سەرزەمینی هەورامان، یەکێک لە بەرهەمەکانی خۆی بە ناونیشانی "هەورامان وڵاتی کەڤران" بە خوێنەران ناساند.
لە مەراسیمەکەدا، بە ئامادەبوونی قەڵەمە دیارەکانی باکووری کوردستان و جەماوەرێکی زۆر، باس لە ناوەڕۆکی کتێبی "هەورامان وڵاتی کەڤران" کرا، کە کاری هاوبەشی نامق هەورامی و فۆتۆگرافەر حیسامەدین باخچەیە.
لەو چوارچێوەیەدا، دەستەی نووسەرانی گۆڤاری "دەسهاڕ" کە گۆڤارێکی وەرزییە و بە زازاکی و کرمانجی دەردەچێت، بڕیاریان دا، لەمەودوا دۆسیەیەکی تایبەت بە ئەدەبیات و کولتوور و مێژووی هەورامان بکەنەوە، بۆ ئەوەی خوێنەرانی باکووری کوردستان زۆرتر لە بارەی هەورامانەوە بزانن و خەسڵەتە گرنگەکانی ئەو شارستانیەتە بخەنەبەرچاو.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 21ی ئۆکتۆبەر، لە مەراسیمی سی و هەشت ساڵەی کۆچی دوایی جگەرخوێن لە ئامەد، نامق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وەک نووسەرێکی بواری بوژاندنەوەی زمان و کولتووری هەورامان، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا.