وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشانگەی کتێبی "پێکەوەژیان"ی کردەوە

K24 – ههولێر:
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هۆڵی کتێبخانەی زەیتونی شاری هەولێر، پێشانگەی "پێکەوەژیان" ی کتێبی کردەوە و لە وتارێکدا پڕۆژەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی لە بواری بایەخدان بەکتێب و کتێبخانەکان و برەودان بە کولتووری خوێندنەوەی خستەڕوو، هەروەها لە مەراسیمێکدا ژمارەیەک لەو فەرمانبەرانە ڕێزلێنانیان پێبەخشرا، کە دوای ساڵانێکی زۆری خزمەت لە کتێبخانە گشتییەکاندا خانەنشین کرابوون.
پێشانگەکە ئهمڕۆ سێشەممە (25ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری 2022) بە بەشداری چەندین دەزگای چاپو بڵاوكردنەوە و بە هاوکاری دەزگای ڕۆشنبیری زانكۆكانی جیهان کرایهوه.
لە وتارەکەیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕایگەیاند، وەزارەتی ڕۆشنبیریو لاوان، گرنگی تەواوی بەكتێبو كتێبخانە داوەو كارو خزمەتەكانی لەو بوارەدا دیارو بەرچاوە.
وتیشی: كتێبو كتێبخانەكان جێگەی بایەخی وەزارەتمان بووە، لەو چوارچێوەیەدا لەسەرەتای دەستبەكار بوونی كابینەی نۆیەمدا، كاروباری كتێبخانە گشتییەكانمان ڕێكخستەوە، پشتیوانیمان لە كردنەوەی كتێبخانەی نیشتمانیو دەركردنی یاسای پاراستنی بەڵگەنامەكان كردووە. شێوەی پێدانی ژمارەی سپاردنمان لەهەرێمی كوردستان رێكخستەوە بەشێوەیەك كە سانسۆر نەبێتو ڕەچاوی یاساو ڕێنماییەكانی وەزارەت و حکومەتی هەرێمی كوردستانیش بکرێت.
روونیشیکردەوە، پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبەكان لە زمانی كوردییەوە بۆ زمانە زیندووەكانی جیهانمان پێشكەش كردووەو ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیشمان بۆ وەرگرتووە. وەزارەت كاری جدی كردووە بۆ وەرگرتنی ژمارەی سپاردنی نێودەوڵەتیو چەندین كۆبوونەوە لەو بارەیەوە كراوەو یاداشتی لێكتێكەیشتن ئیمزا كراوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، حەمەی حەمەسەعید، وتی: وەزارەت لەگەڵ كونسوڵو نوێنەرانی وڵاتاندا بایەخی بەپرسی ئاڵوگۆڕی كولتووریو ناساندنی كولتووری گەلان بەیەكتر داوەو لەو چوارچێوەیەدا گرنگی بەكتێبو كردنەوەی بەشی كوردی لە كتێبخانەكانی وڵاتانی بیانی داوە.
نموونەیشی بەوە هێنایەوە، کە ئێستا 1000 كتێبی هەمە جۆر بۆ بەشی كوردی كتێبخانەی نیشتمانیی یۆنان دابینكراوە، بەهەمان شێوە بۆ وڵاتی سویدیش ئامادە كراوە.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، ئاماژەی بە پڕۆژەکانی دیکەی وەزارەت دا و وتی: لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، پڕۆژەی كۆكردنەوەو بەخشینی كتێبمان بۆ دامەزراوەكانی تری حكومەتی هەرێم هەیە، بۆ نموونە زیاتر لە پێنج هەزار كتێب كۆكراوەتەوەو دەبەخشرێ بەكتێبخانەكانی چاكسازیی گەورانو ژنانو منداڵانی سەر بەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی.
ئاشکراشیکرد، وەزارەتی ڕۆشنبیریو لاوان، هەوڵی داوە ڕێگری لەهێنانی ئەو كتێبانە بۆ هەرێمی كوردستان بكات كە هانی توندو تیژیو توندڕەوی دەدەنو شیرازەی خێزانو باری كۆمەڵایەتی تێك دەدەن.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی: لەبواری کتێب و کتێبخانەکاندا، پێویستمان بەهاوكاری زیاتری بەرێزان سەرۆك وەزیرانو جێگری سەرۆك وەزیرانو ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێزە، بۆ كردنەوەی كتێبخانەی نیشتمانیو جێبەجێكردنی یاسای پاراستنی بەڵگەنامەكان، بۆ دامەزراندنی ناوەندی پاراستنی بەڵگەنامەكانو بۆ پڕۆژەی وەرگێڕانو چاپكردنی كتێبە كوردییەكان، بۆسەر زمانە زیندووەكانی جیهان و بۆ هێنانەوەی دەستنووسو بەڵگەنامەكانی ناو ئەرشیفی حکومەتی فیدراڵی.
هەروەها داوایەکی ئاراستەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و وتی: هەر لێرەشەوە داوا لەو وەزارەتو لایەنە پەیوەندارانە دەكەم، كە فەرمانگەكانیان لەناو تەلاری كتێبخانە گشتییەكاندان، چۆڵی بكەن، چونكە ئەو فەرمانگانە كێشەی زۆریان بۆ كتێبخانە گشتییەكان دروست كردووە، كتێبخانە پێویستی بەكەشێكی ئارامو هێمنە.



دهقی وتارهكهی وهزیری ڕۆشنبیری و لاوان: