ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەدواداچوون بۆ دۆسیەی بۆمبی تیشکدەر لە ئۆکرانیا دەکات

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئەم هەفتەیە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی بۆمبی تیشکدەر لە ئۆکرانیا دەکات.

رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، ئەم هەفتەیە لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە تۆمەتەکانی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کە باسیان لە بە بوونی بۆمبی تیکشدەر دەکرد، دەستپێدەکات و لەکۆتایی  هەفتەشدا ئەنجامە سەرەتاییەکانی لیکۆڵینەوەکانیان ئاشکرادەکەن.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارەگای لە ڤیەننایە بڵاویکردووەتەوە، لەسەر هەمان پرس تیمەکانیان لە ئۆکرانیا دەستدەکەن بە پشکنین و ئەنجامەکانیشی بەم نزیکانە رادەگەیەنن.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا رووسیا ئۆکرانیای بە ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی تیشكدەر تۆمەتبارکرد، لەکاتێکدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا مانگە دەستکردەکانیان هیچ چالاکییەکیان لە ئۆکرانیا لەسەر دروستکردنی ئەم جۆرە بۆمبە تۆمارنەکردووە.