ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خولی 25ـەمینی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت

لەماوەی چوار ساڵی رابردوو پێنجەمین جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت
پیاوێکی ئیسرائیلی لەگەڵ منداڵەکەی لە وێستەگەیەکی دەنگدان - وێنە: AFP
پیاوێکی ئیسرائیلی لەگەڵ منداڵەکەی لە وێستەگەیەکی دەنگدان - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە (1ـی تشرینی دووەمی 2022) بە بەشداری 13 پارت هەڵبژاردن بۆ خولی 25ـەمینی پەرلەمانی ئیسرائیل بەرێوەدەچێت و نزیکەی شەش ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە 12 هەزرا وێستگەی دەنگدان ئامادەکراون.

ململانێیەکی توند لە نێوان بنجامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆن، یایر لاپید سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بێنی گانتر، سەرۆکی پارتی یەکێتی نیشتیمانی ئیسرائیل هەیە.

لەماوەی چوار ساڵی رابردوو پێنجەمین جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت، هەرلایەنێک بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت پێویستە لە کۆی 120 کورسی پەرلەمان زیاتر لە 60 کورسی بەدەستبهێنێت، تاوەکو ئێستاش پارتەکەی ناتانیاهو بەهێزترینە و چاوی لەوەیە دووبارە بگەڕێتەوە دەسەڵات.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێکهێنانی حکومەت لە ئیسرائیل لەسەر بنەمای هاوپەیمانێتی سیاسی بووە و، ئەو هاوپەیمانێتییانەی حکومەتیان پێکهێناوە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەیان دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی بکرێت و ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە لە چوار ساڵدا پێنج جار هەڵبژاردن بکرێت.