پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

کردەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم لە شاری هەولێر و داهاتی سنووری پاریزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، پرسە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەن

K24 - هەولێر:

شاندی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبنەوە و "نیگەرانی"ـیەکانی ئەمدواییەی هەر دوولا گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت.

پشتیوان سادق، سەرۆکی شاندی وەزاری پارتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نەورەس عەبدوڵڵا پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "دوای تەواوبوونی کۆنگرەی 14ـی پارتی، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و لەوانە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبینەوە". ئەو، بەدیاریکراوی باسی لە رۆژی کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی نەکرد.

کردەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم لە شاری هەولێر و داهاتی سنووری پاریزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، دوو پرسن کە یەکێتی لێی "نیگەرانە" و ئەو "نیگەرانی"ـیەی بە لایەنەکانی دیکەش راگەیاندووە.

بۆ رەواندنەوەی ئەو "نیگەرانی"ـیانە و ئاگاداربوونی زیاتری لایەنەکان لە وردەکارییەکانی ئەو دوو پرسە، شاندی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جیا لەگەڵ حزبی شیوعی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کۆبووەوە.

رۆژی 31ـی تشرینی یەکەم، شاندی وەزاری پارتی بە سەرۆکایەتی پشتیوان سادق، سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد کە بەهۆی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماوەیەکی کاتی سەردانی لایەنەکان ناکەن، بەڵام دوای کۆنگرە دەست بە سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان دەکەنەوە.

هەروەها پشتیوان سادق لەگەڵ ئاماژەدان بە تیرۆرکردنی هاوکار عەبدوڵڵا جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر و کوردستان قبووڵکراو نییە، بۆیە ئاسایش و سەقامگیری بەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هێڵی سوورە و نابێت هیچ کەسێک پەنا بۆ ئەو جۆرە کردەوانە ببات.

پشتیوان سادق هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوەی هەماهەنگی و تەبایی و برایەتی لەنێو تیمی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچە و شارەکانی کوردستان دەکات، هەر بۆیە پێویستە بە هەمان شێوەش ئاگاداری داهات و خەرجیی هەموو پارێزگاکان بێت.