ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەستیانلەکارکێشایەوە

"هیچ پاساوێك بۆ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان نییە"

K24 - هەولێر:

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەماندا نین و هەر بۆیە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە.

ئیسماعیل عەلی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی کوردستان، ئەمڕۆ (سێشەممە، یەکی تشرینی دووەم) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، ئاشکرایکرد کە هەر پێنج ئەندامی فراکسیۆنەکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە. 

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکگرتوو، هۆکاری بڕیارەکەیان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، گەڕاندەوە. 

دەبوایە رۆژی شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێبێت، بەڵام 85 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان پێشنیازە یاسایەکیان بۆ بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.

رۆژی 9ـی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران درێژکردنەوەی تەمەنی خوولەکە بۆ ماوەی ساڵێک پەسندکرا.