هالۆوین لە سعوودیە هەرادەنێتەوە

K24 - هەولێر:
هالۆین ئەو بۆنەیەی پێشتر لە سعوودیە قەدەغەکرابوو، ئەمساڵ لە چوارچێوەی ریفۆرمخوازی و کرانەوەی سعوودیە بەڕووی جیهانی مۆدێرندا، فێستیڤاڵێکی تایبەتی بۆ سازکرا.
وێنە و ڤیدیۆکانی ئاهەنگی هالۆوین کە بەشێك بوو لە فێستیڤاڵی "هەفتەی ترسناک"، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرای ناوەتەوە و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە دوو بەرەوە.
بەرەیەک پێشوازی لێدەکەن و بە کرانەوەیەکی باشی سعوودیە لە قەڵەمی دەدەن، لایەنگرانی ئەم بۆچوونەش زیاتر ئەو وڵاتانەن کە هاوپەیمانی شانشینی سعوودیەن.
بەرەیەکی دیکەش رەتی دەکەنەوە و بە خراپ، بێسوود و شوێنکەوتنی کولتووری رۆژئاوای دادەنێن و بەشداریکردن لە بۆنەکەدا دەخەنە سەر تەرازووی حەرام و حەڵاڵەوە.
ماڵپەڕی "تەهران تایمز" کە نووسینگەی سەرەکی لە ئێرانە، فێستیڤاڵەکە بە "نەزانی لەژێر ناوی ماسکی مۆدێرنیزم"ـدا ناودەبات و باس لەوەدەکات، ئامانج لەم بۆنەیە کە چەندین وێنەی "قێزەون و ناشرین" پیشان دەدات ئەوەیە، ژینگەیەکی بەچێژ بۆ سەردانیکەرانی وڵاتەکە دروستبکات.
شانشینی سعوودیە وڵاتێكی ئایینی پیرۆزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سامانی نەوت بەشێکی گەورەی داهاتی سعوودیە پێکدەهێنێت و، جگە لەوە، بوونی مزگەوت و مەزارە پیرۆزەکان لە سعوودیە، وایکردووە ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە نەتەوە جیاوازەکانەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەکانی (حەج و عومرە) روو لەو وڵاتە بکەن.
ساڵانه له كۆتاییهكانی مانگی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهر، ئاههنگی هالۆوین له زۆرینهی وڵاتان بەڕێوەدەچێت، بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا و، تێیدا خەڵکی هاوشێوەی کارەکتەرە خەیاڵی و ترسناکەکان جلوبەرگ لەبەردەکەن و شیرینی دابەشدەکرێت و یاری جیاواز ئەنجامدەدەن.