بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی: بەهۆی کەمتەرخەمی یەکە کارگێڕییەکان لە سلێمانی نەوت دابەشنەکراوە

"هەشت ملیۆن لیتر نەوت لە عەمبارەکانی سلێمانی هەن"
فەلاح سەید مەولوود
فەلاح سەید مەولوود

K24 - هەولێر:

فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، رایگەیاند، دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دواتر دابەشکردن لە دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەستپێدەکات.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاند، هەر ماڵێک 200 لیتر نەوتی بە 100 هەزار دینار پێدەدرێت، ئەو نەوتەی ئێستا دابەش دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بە تێچووی 59 ملیار دینار پاڵپشتی کراوە و، بۆ دابەشکردن ئێستا پێویستمان بە 254 ملیۆن لیتر نەوتە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتیییەکان باس لەوەدەکات، دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر نەوت، لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی هەشت ملیۆن لیتر نەوت و لە گەرمیان نزیکەی 240 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە. 

سەبارەت بە دابەشنەکردنی نەوت لە سلێمانی، فەلاح سەید مەولوود گوتی: نزیکەی هەشت ملیۆن لیتر نەوت لە عەمبارەکانی سلێمانی بۆ دابەشکردن ئامادەیە، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا لە سلێمانی بەهۆی کەمتەرخەمی یەکە کارگێڕییەکان، نەوت دابەش نەکراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگی ئەیلوول رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان راسپێردران.