عێراق بودجەی 2023 ئامادە دەکات

سوودانی باسی گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار و دینار دەکات
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پێش هاتنی پشووی پەرلەمان، بودجه‌ی ساڵی 2023 ئاماده‌ ده‌كرێت.

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: بە جددی دەکەین، بۆ ئەوەی پێش هاتنی پشووی پەرلەمان بودجە ئامادەبکرێت. گوتیشی: "بە زووترین کات بڕیاری نوێ دەردەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم هاووڵاتییان".

سوودانی گوتی: "بە وەزارەتەکانمان راگەیاندووە بودجەی 2023 ئامادە بکەن، بە جددی کار دەکەین بۆ ئەوەی پێش هاتنی پشووی پەرلەمان بودجە ئامادەبکرێت، دەمەوێت رایبگەیەنم ئەم حکومەتە پابەندە بەوەی یاسا جێبەجێبکات، یاسا رێگەیداوە بە بانکی ناوەندی سیاسەتی پارە دەستنیشان بکەن، هەر بڕیارەك لە بانکەکە بدرێت ئێمە پابەندی دەبین، هەروەها پارێزگاریش لە سەربەخۆیی بانکەکە دەکەین".

راشیگەیاند: "سەبارەت بە بڕیاری گۆڕانی بەهای ئاڵوگۆڕی دراو کە پێشترا دەرکرا، هیچ رێکارێکی لەگەڵ دەرنەکراوە، بۆ ئەوەی چینی هەژار و مامنەوەند و ئەوانەی داهاتییان سنوردارە پارێزراوبن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ هاووڵاتییان".

سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەشڵێت: "ئێمە وەك حکومەت پابەندین لە پاراستنی هەموو چین و توێژانەکانی عێراق، هەوڵدەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری نوێ دەربکەین، بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم هاووڵاتییان".

کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا محەمەد شیاع سوودانی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە رۆژی سێشەممە 1/11/2022 بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک بڕیاری کابینەی پێشتری حکومەتی عێراقی هەڵوەشاندەوە.