وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران

"درێخی ناکەین لە بەکارهێنانی سزاکانمان"
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەر کەسێک پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەبێت یان پەیوەندی بە درۆن و پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و ناردنی چەکی ئێرانی بۆ رووسیاوە هەبێت سزا دەدرێت.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، درێغی ناکەین لە سەپاندنی هەر سزایەک بەسەر ئەو کەسانەدا و جەختیشدەکاتەوە، ئێران بەردەوامە لە تەمومژاویکردنی بابەتەکە و رەتکردنەوەی بابەتەکە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راشیگەیاند، هەرکەسێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات یان هەر پەیوەندییەکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەیەوە هەبێت، یان پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکی یان رۆیشتنی چەک لە ئێرانەوە بۆ رووسیا، پێویستە زۆر وریا بێت. پێویستە وردبینی خۆیان بکەن. نێد پرایس گوتیشی: ئێمە درێخی ناکەین لە بەکارهێنانی سزاکانمان. درێخی ناکەین لە بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی گونجاو و کاریگەر.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لەوە دەکات، ئێران بەردەوامە لە رەتکردنەوەی راپۆرتەکانی پێشکەشکردنی هاوکاری بە رووسیا، ئەوەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە ئەم کارە شتێک نییە ئێران شانازی پێوە بکات.

نێد پرایس دەڵێت، "پرسیارەکەش ئەمەیە ئێران بۆ ئەم کارانە دەکات؟ ئایا پاڵنەرەکە ستراتیژییە، یان داراییە، یان جیۆپۆلیتیکییە، یان تێکەڵەیەکە لە هەموو ئەم شتانە. بەڵام ئێران بەردەوام بووە لە تەمومژاویکردنی بابەتەکان و درۆکردن".