کەنەدا نیو ملیۆن کۆچبەر وەردەگرێت

.
.

K24 - هەولێر

ئۆتاوا نوێترین پلانی خۆی پەیوەست بە پێشوازیکردن لە کۆچبەران بڵاوکردەوە، کە لە بەرنامەیاندایە تاوەکو 2025 پێشوازی لە نیو ملیۆن کۆچبەر بکات.

شۆن فریزەر وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کەنەدا ئامانجەکانی خۆی پەیوەست بە کۆچبەری پتەو دەکات.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا هیوای خواست خەڵکێکی زۆر روو لە وڵاتەکەیان بکەن، تاوەکو کێشەی دەستی کار لە وڵاتەکە چارەسەر بکەن. ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەیان پێویستی بە خەڵکی زیاترە.

ئەمە لە کاتێکدایە، چینێکی گەورەی کۆمەڵگەی کەنەدا لە تەمەنی خانەنشین بووندایە، بە گوێرەی نوێترین ئاماری دانیشتووانی وڵاتەکە، لە کۆی 7 کەس یەکێکیان تەمەنی لە نێوان 55 بۆ 64 ساڵانە.

بەو هۆیەوە ئێستا کۆمپانیاکانی کەنەدا دووچاری قەیرانی کەمی دەستی کار بوونەتەوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی ئاداردا نیو ملیۆن هەلی کاری بەتاڵ تۆمارکراوە.

وەزیری کۆچبەری کەنەدا دەشڵێت: "کەنەدییەکان لەوە تێدەگەن کە پێویستە بەردەوام ژمارەی دانیشتووان زیادبکرێت، بە تایبەت ئەگەر بیانەوێت پێویستییەکانی ناوخۆ لە هێزی کار پڕبکەنەوە".

ساڵی رابردووش، کەنەدا پێشوازی لە زیاتر لە 405 هەزار کۆچبەر کرد، کە گەورەترین ژمارەیە لە وڵاتەکە بۆ ساڵێک تۆمارکرابێت.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی کەنەدا گۆڕانکاری لە ئامانجەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو کرد، بە جۆرێک ژمارەی کۆچبەران لە 465 هەزارەوە بۆ 485 هەزار بۆ ساڵی 2024 بەرزکردەوە، هەروەها ئامانجیشی بۆ ساڵی 2025 بۆ 500 هەزار کۆچبەر بەرزکردەوە.