تورکیا بارەگاکانی پەکەکە لە دەڤەری برادۆست بۆردومان دەکات
K24 – سۆران
کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگاکانی پەکەکەیان لە دەڤەری برادۆست-ی سنووری ناحیەی سیدەکان بۆردومان کرد.
تەیفور محەمەد پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە چیای بۆڵێ لە دەڤەری برادۆست-ی سنووری ناحیەی سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆردومان کرد.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە ناوچەکە بە کوردستان24ی گوت: "فڕۆکە جەنگییەکان چوار جار لەسەر یەک ئەو ناوچەیان بۆردومان کرد، کە بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی لێیە".
باسی لەوەشکرد، تائێستا زیانەکانی بۆردومانی تورکیا بۆسەر پەکەکە نەزانراوە، چونکە بەهۆی بوونی پەکەکە گوندەکانی نزیک لەو شوێنە چۆڵکراون و خەڵک ناتوانێت بچێتە ئەو سنوورە.
ناحیەی سیدەکان سەر بە قەزای سۆرانە، بە دووری 144 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، سنووری ناحیەی سیدەکان بە دەڤەری برادۆست ناسراوە و بەهۆی هاوسنوور بوونی لەگەڵ ئێران و تورکیا، زۆرجار بە تۆمەتی بوونی پەکەکە و حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ناوچەیە دەکەوێتە بەر بۆردومان و تۆپبارانی ئێران و تورکیا، لە ئەنجامدا هاووڵاتییان دەبنە قوربانی و زیانی زۆریش بە کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە کەوتووە.